25 بۆ 40 ملیۆن دۆلاری رۆژانە خەرجی جووڵە و ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا

 
رووداو دیجیتاڵ

واشنتن رۆژانە بڕی 25 بۆ 40 ملیۆن دۆلار لە جووڵە و ئامادەکارییە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەرج دەکات. بەشی زۆری ئەم خەرجییەش پەیوەندی بە جووڵە و کارپێکردنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن و جێراڵد فۆردەوە هەیە. 
 
وردەکاریی تێچوو و هێزە جێگیرکراوەکان
 
تێچووی رۆژانەی هەر گرووپێکی هێرشبەری کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان لەنێوان 6.5 بۆ 9 ملیۆن دۆلارە.
 
ئەم تێچووە زەبەلاحە دابینکردنی سووتەمەنیی رۆژانەی کەشتییەکان دەگرێتەوە کە بڕەکەی دەگاتە 150 هەزار گاڵۆن، لەگەڵ دابینکردنی بژێوی و پێداویستی بۆ نزیکەی 6 هەزار و 700 کارمەند؛ هەروەها تێچووی پاراستن و کارپێکردنی کەشتییە یاوەرەکانی وەک کەشتیی جەنگی و ژێردەریاییەکان لە چوارچێوەی ئەو بودجە رۆژانەدایە.
 
سەبارەت بە هێزی ئاسمانی، ئێستا زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو لە جۆرەکانی (F-35, F-22, F-16) لە بنکە سەربازییەکانی ناوچەکەدا جێگیرکراون کە بەشێکی زۆریان لە بنکەی ئاسمانیی (موەفەق سەڵتی) لە ئوردن جێگیرن. تەنیا تێچووی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان و مانەوەیان لە دۆخی ئامادەیی و فڕینی بەردەوام، رۆژانە دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار.
 
هاوکات، ئەمریکا سیستمە بەرگرییە مووشەکییەکانی لە بنکەکانی خۆی لە قەتەر، ئوردن و سعودیە بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر کردووە. وێنە مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە واشنتن ئامادەکاریی تەواوی کردووە و بنکەکانی ناوچەکەی بۆ ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران بەهێز کردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی لەناکاوی ناوچەکە هەژمار دەکرێ.
 
بەپێی ئامارەکانی پڕۆژەی (تێچووی جەنگ) لە زانکۆی براون، لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە ئەمریکا نزیکەی 34 ملیار دۆلاری لە ململانێکانی گرێدراو بە گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا خەرج کردووە.
 
لەو بڕە پارەیە 22 ملیار دۆلاری وەک هاوکاریی سەربازیی بۆ ئیسرائیل تەرخان کراوە، لە کاتێکدا 12 ملیار دۆلارەکەی دیکە بۆ ئۆپەراسیۆنە راستەوخۆکانی سوپای ئەمریکا لە یەمەن و شوێنەکانی دیکە و هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانی دیکەی واشنتن تەرخان کراوە.
 
ئەم کۆکردنەوەیەی هێز لە کاتێکدایە، حکومەتی ئەمریکا و حکومەتی ئێران دوو گەڕی دانوستاندنیان کردووە و ترەمپ دەڵێ، باشترە ئێران رێککەوتن بکات. 
 
ئێرانیش دەڵێ، ئامادەیە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بڕەوێنێتەوە و دڵنیایی بدات کە چەکی ئەتۆمی دروست ناکات، بەڵام داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران دەکات. 
 
سەرەڕای ئەوەش، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەکەدا لە خاڵەکانی دیکەن کە بۆچوونی جیاواز لەنێوان هەردوولا لەبارەیانەوە هەیە.