ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ نزیک بەیرووت فراوانتر دەکات؛ لە بشاموون دوو کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل بازنەی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان فراوانتر دەکات و ناوچە نوێیەکانی دەوروبەری پایتەخت دەکاتە ئامانج. لە نوێترین هێرشیشدا بۆ سەر شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە نزیک بەیرووت، دوو کەس کوژران و سوپای ئیسرائیلیش ستراتیژیی لێدانی "ژێرخانی ئابووریی حیزبوڵڵا" چڕتر دەکاتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-03-2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شوقەیەکی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەی "بشاموون" کردە ئامانج کە تەنیا 10 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی بەیرووتەوە دوورە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکی سەرەتاییدا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانە کتوپڕەدا، لانیکەم دوو کەس کوژراون و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم ناوچەیە پێشتر لە لیستی ئەو شوێنانەدا نەبووە، کە سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بۆ دەرکردبن، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی زیاتری لای دانیشتووانی ناوچە "پارێزراوەکان" دروست کردووە.
هاوتەریب لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، ئیسرائیل قۆناخێکی نوێی لە جەنگ دژی حیزبوڵڵا دەستپێکردووە کە ئامانج لێی "وشککردنی سەرچاوە داراییەکانە".
لەو چوارچێوەیەدا، سوپای ئیسرائیل وێستگەکانی سووتەمەنیی "ئەمانە" لە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەکاتە ئامانج. تەلئەڤیڤ پێیوایە ئەو وێستگانە "شادەماری دارایی و لۆجستیی" حیزبوڵڵان و وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی وزە و داهات بۆ چالاکییە سەربازییەکانی ئەو گرووپە بەکاردەهێندرێن.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل لە رێگەی ئەم ستراتیژییەوە دەیەوێت پێش هەر هێرشێکی زەمینیی بەرفراوان، حیزبوڵڵا لە ڕووی ئابووری و لۆجستییەوە ئیفلیج بکات و توانای مانۆڕکردنی لێ زەوت بکات.