میدیایەکی ئیسرائیل مەرجەکانی ئێران بۆ ئاگربەست ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی وردەکاریی ئەو مەرجە فەرمییانەی ئاشکرا کرد کە گوایە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دایناون، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی کردبوون.
بەپێی راپۆرتەکە، تاران لە بەرامبەر وەستاندنی جەنگ، چەندین مەرجی "تووند"ی داناوە، لەوانە:
• وەرگرتنی گرەنتیی نێودەوڵەتیی مسۆگەر کە لە داهاتوودا هێرشی سەربازی ناکرێتەوە سەری.
• سەپاندنی رێککارێکی یاسایی نوێ کە دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر تەنگەی هورمزدا دەداتە ئێران.
• داخستنی سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.
• وەرگرتنی قەرەبووی دارایی زەبەلاح لە بەرامبەر ئەو زیانانەی بەر ژێرخانی ئێران کەوتوون.
نەرمی نواندن لە ژوورە داخراوەکاندا
لە راپۆرتێکی دیکەی هەمان کەناڵدا ئاماژە بەوە کراوە، سەرەڕای ئەو لێدوانە تووندانەی تاران بە فەرمی دەیدات، بەڵام لە گفتوگۆ نهێنییەکاندا "ئاماژەی نەرمی نواندن" دەردەخات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندە ئەمریکییەکانەوە بڵاوبوونەتەوە، رەنگە ئەو سازشانەی تاران ئامادەیە بیانکات ئەمانە بن:
• سڕکردنی بەرنامەی مووشەکی بالیستی بۆ ماوەی 5 ساڵ.
• کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و چوونە نێو دانوستاندن لەسەر ئەو یۆرانیۆمەی 60% پیتێنراوە.
• رێگەدان بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ پشکنینی ئەو سەنتەرفیوجانەی کە ماونەتەوە.
• راگرتنی دابینکردنی پارە بۆ "گرووپە چەکدارەکان"ی ناوچەکە، لەوانەش حیزبوڵڵا، حەماس و گرووپە عێراقییەکان.