عوممان دەستپێشخەرییەکی چڕی دیپلۆماسی دەستپێدەکات؛ 18 پەیوەندیی تەلەفۆنی بۆ خامۆشکردنی ئاگری جەنگ

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا ئاگری جەنگی نێوان ئێران و هاوپەیمانان گەیشتووەتە لوتکە، سەڵتەنەتی عوممان وەک "پردی نێوەندگیریی ناوچەکە" کەوتووەتە گەڕ. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە جووڵەیەکی نوێدا، زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ 18 دەوڵەتی جیاواز کردووە بە مەبەستی رێگری لە تەقینەوەی تەواوەتیی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
وەزارەتی دەرەوەی عوممان رایگەیاند، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، لە چەند رۆژی رابردوودا بە تەلەفۆنیی لەگەڵ 18 هاوتای خۆی لە سەرانسەری جیهاندا قسەی کردووە.
 
لە نێو ئەو وڵاتانەی کە مەسقەت لەگەڵیان هاتووەتە سەر هێڵ، (ئێران، سعودیە، میسر، عێراق و فەرەنسا) هەن؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە عوممان دەیەوێت لە هەموو لایەکەوە گوشارەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕ بکاتەوە و رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێ سەربازییەکان بگرێت.
 
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی عوممان دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی هێرشکردنە سەر کەرتی وزە و وێستگەکانی کارەبای ئێرانی بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژکردەوە.
 
چاودێران پێیانوایە، عوممان دەیەوێت ئەم "دەرفەتە کاتییە" بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان بەرەو دانوستاندنی جیدی ئاراستە بکات و رێگری لە کارەساتێکی مرۆیی و ئابووریی گەورە لە ناوچەکەدا کات، کە رەنگە دوای کۆتاییهاتنی ئەو پێنج رۆژە رووبدات ئەگەر رێککەوتنێک نەیەتە ئاراوە.
 
عوممان مێژوویەکی دوورودرێژی لە نێوەندگیریی نهێنی و ئاشکرای نێوان تاران و واشنتن هەیە و هەمیشە وەک "سندووقە رەشەکەی" دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.