کوێت: دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە عێراقەوە هێرشیانکردە سەر سنوورەکانمان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی کوێت رایدەگەیێنێت، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ناو خاکی عێراقەوە هێرشیان کردووەتە سەر دوو بنکەی سنووریی وڵاتەکەیان و زیانی مادییان لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی کوێت لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە عێراقەوە هاتبوون، دوو ناوەندی سنووریی وشکانیی باکووری دەوڵەتی کوێتیان لە هێرشێکی دووژمنکارانەدا کردە ئامانج."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی مادیی بەو دوو بنکە سنوورییە گەیاندووە.
وەزارەتی بەرگریی کوێت ئاماژە بەوە دەکات، "لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکە."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، وڵاتانی کەنداو چەندین جار رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بوونەتەوە.
کوێت پێشتریش رووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بووەتەوە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی نزیک لە تارانیان بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار کردووە.