لووتکەی هەرێمی کوردستان و ئیمارات؛ نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید لە ئەبوزەبی کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات لە ئەبوزەبی کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس (تویتەری پێشوو) پۆستێکی کردووە، تێیدا جگە لەوەی خۆشحاڵیی خۆی بە بینینەوەی محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات دەربڕیوە، نووسیویەتی، لە کۆبوونەوەیاندا "تاوتوێی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات کرد، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکە. هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئیمارات بەرز دەنرخێنێت."
فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەبوزەبی بە رووداوی گوت، "لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد بن زاید هاوبۆچوونن لەبارەی گرفتەکانی ناوچەکەوە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ وڵاتان و بەرپرسانی ناوچەکە هەیە و لەگەڵ محەممەد بن زاید "لە زۆربەی پرسە هەستیارەکان هاوڕان."