تەندروستیی غەززە: 9 منداڵی خێزانێک لە بۆردوومانێکدا کوژران

رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە 79 کەس کوژراون کە نۆیان منداڵی یەک ماڵ بوون. 
 
رۆژی شەممە، 24ی ئایاری 2025، نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 79 کەس بە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون. دەشڵێت، نۆیان منداڵی یەک خێزان بوون. 
 
دایکی منداڵەکان پزیشکە و ناوی ئالا نەجاڕە کە ژنە پزیشکێکی شاری خان یونسی کەرتی غەززەیە و 10 منداڵی هەبوو، بەڵام شەوی هەینی سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی ماڵەکەی کرد و بەهۆیەوە نۆ منداڵی کوژران و ئەوەی دیکەش بە سەختی بریندار بووە. کاتی بۆردوومانەکە ئالا لە نەخۆشخانە بوو، بەڵام هاوژینەکەی لە ماڵەوە بووە و ئەویش بە سەختی بریندار بوو. 
 
بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، منداڵە کوژراوەکان بچووکترینیان حەوت مانگ و گەورەترینیان 12 ساڵ بوو. هێشتا دوو لە منداڵەکان لەژێر داروپەردوو دان. 
 
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچی لەبارەی ئەم بۆردوومانە نەگوتووە، بەڵام ئەمڕۆ رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 100 پێگەیان لە غەززە بۆردوومان کردووە. 
 
لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە. جەنگەکە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و دواتر تەلئەڤیڤ دەستی بە هێرش و بۆردوومانکردنی غەززە کرد. بە گوێرەی تەندروستی غەززە، تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانەوە 53 هەزار و 901 فەڵەستینی کوژراون. 
 
کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، ئیسرائیل و حەماس ئاگربەستیان کرد، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر قۆناخی دووەمی ئاگربەست، 18ی ئادار، ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە. بە گوێرەی تەندروستی غەززە، لەو کاتەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی سێ هەزار و 747 کەس.