لە ئیمارات بەرزترین پلەی گەرما لە مانگی ئایار تۆمارکرا

رووداو دیجیتاڵ

سەنتەری کەشناسیی ئیمارات بڵاویکردەوە، پلەی گەرما لە شارۆچکەی سویحان گەیشتە 51.6 پلەی سیلیزی کە بەرزترین پلەی گەرمایە بۆ مانگی ئایار تاوەکو ئێستا تۆماریان کردبێت. 

رۆژی شەممە، 24ی ئایاری 2025، سەنتەری نیشتمانی بۆ کەشناسی ئیمارات لە ئێکس بڵاویکردەوە، شەممە کاژێر 13:45 بە کاتی ئیمارات (12:45 بەکاتی هەولێر) لە شارۆچکەی سویحان بەرزترین پلەی گەرما لە مێژووی وڵاتدا تۆمارکرا کە 51.6 پلەی سیلیزی بوو. 
 
شارۆچکەی سویحان کەوتووەتە باکووری رۆژهەڵاتی ئیمارات و سەر بە ئیمارەی ئەبوزەبییە. 
 
رۆژی شەممە نزمترین پلەی گەرما لە ئیمارات 37.3 پلەی سیلیزی بوو. بەرزترین پلەی گەرمی پێشوو بۆ مانگی ئایار لە وڵاتەکە دوێنێ تۆمارکرا کە 50.4 پلە بوو. 
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە بەرپرس و پزیشکانی ئیمارات داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە چالاکییەکانی دەرەوەی ماڵەکانیان دووربکەونەوە و ئاوی زیاتریش بخۆنەوە.
 
هەروەها، ئەوان داواش دەکەن، هاووڵاتییان هەموو رێکارە خۆپارێزییەکان دژی ئەو نەخۆشیانە بگرنەبەر کە بەهۆی گەرماوە بڵاودەبنەوە. 
 
سەنتەری کەشناسیی ئیمارات ساڵی 2003 دامەزراوە و لێکۆڵینەوە لە پلەی گەرما، گۆڕانی کەشوهەوا و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بەو پرسە دەکەن. 
 
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان کەس لە جیهاندا دەکات. پسپۆڕانیش گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەی گەرما دەزانن.