شاندێکی حکومەتی دیمەشق سەردانی کامپی هۆلی کرد

رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمین جار، حکومەتی نوێی دیمەشق رۆژی شەممە، بە شاندێک سەردانی کامپی هۆلی کرد لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە. 
 
کامپ و زیندانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەیان هەزار کەسیان تێدایە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.
 
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری پەنابەر و ئاوارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند: "رۆژی شەممە، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە کامپی هۆل کرا،" کە شاندێکی حکومەت، شاندێکی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری تێدا بەشداربوون.
 
هۆل گەورەترین کامپی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و نزیکەی37 هەزاری خەڵکی دەیان وڵاتی تێدایە، لەنێویاندا 14 هەزار و 500 عێراقی.
 
شێخمووس ئەحمەد گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە "دانانی میکانیزمێک" کردووە بۆ ئەوەی خێزانە سووریاییەکان لە کامپەکە ببردرێنە دەرەوە. 
 
سەردانەکە زیاتر لە دوو مانگ دوای ئەوە دێت کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی دیمەشق رێککەوتن. 
 
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو سووریاییەکان بۆ شار و گوندەکانی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە.
 
هێشتا هیچ پێشکەوتنێک لە تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەوە رووینەداوە.
 
لە دیمەشق، نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، کامپی هۆل "بەشێکە لەو رێککەوتنەی" کە شەرع و عەبدی واژۆیان کردووە.
 
ئەو گوتی، پرسەکە پێویستی بە "چارەسەرێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیرە بۆ ئەو خێزانانەی کە قوربانیی" داعشن.
 
شوباتی ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامانجیانە تا کۆتایی ساڵ کامپەکان لە هەزاران ئاوارەی سووری و پەنابەری عێراقی چۆڵ بکەن، بەوانەشەوە کە گومانیان لێدەکرێت کەسوکاری داعش بن. 
 
کامپی هۆل بەشێکی هەیە کە کەسوکاری چەکدارە بیانییەکانی داعشتی تێدایە و خراونەتە ژێر چاودێریی ئەمنیی توندەوە.
 
شێخمووس ئەحمەد گوتی، چارەنووسی ئەو خێزانانە "پەیوەستە بەو وڵاتانەوە کە هاووڵاتییان لە کامپەکەدا هەیە، هەروەها پەیوەستە بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە،" کە پشتیوانیی لە هەسەدە دەکات. 
 
هەسەدە چەندین جار داوای لە وڵاتان کردووە هاووڵاتییەکانیان بگەڕێننەوە، بەڵام حکومەتە بیانییەکان، لە ترسی هەڕەشەی ئەمنی و کاردانەوەی سیاسیی ناوخۆیی، تەنیا رێگەیان بە گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆر کەم داوە.