سوپای ئیسرائیل: ئێران 'ماوەیەکی کەم لەمەوبەر' مووشەکی بۆ هاویشتین
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، خەریکی بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانەی ئێرانە کە 'ماوەیەکی کەم لەمەوبەر' هاوێژراون، بێ ئەوەی کاتی وردی هێرشەکە دیاری بکات.
بەرەبەیانی 24-06-2025 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، دوای دەستنیشانکردنی ئەو مووشەکانەی کە لە ئێرانەوە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل هاوێژران، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل لێدرا."
دەزگەی فریاگوزاریی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، لە شاری بیئر سەبع لە باشووری ئیسرائیل، چەند باڵاخانەیەک بەهۆی مووشەکەوە زیانیان بەرکەوت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە نزیکەی کاژێر 7:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر دەستپێدەکات و تاران سەرەتا ئۆپەراسیۆنەکانی رادەگرێت.
ئەم هێرشە مووشەکییە نوێیە لە کاتێکدایە کە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و چەند کاژێرێک دوای راگەیاندنەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت سەبارەت بە "رێککەوتنی ئاگربەست" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا.
لە کاتێکدا ترەمپ باسی لە رێککەوتنێکی قۆناخبەند کردبوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێک کرابێت، بەڵام مەرجێکی دانا، کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی تا کاژێر 4:00ی بەرەبەیانی بە کاتی تاران رابگرێت، ئەوا ئێران وەڵامدانەوەی رادەگرێت.
ئەمە دوای 12 رۆژ لە جەنگێک دێت کە بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و وەڵامدانەوەی ئێران بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی عەدید لە قەتەر و هێرشی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل تەشەنەی کرد.