بەر لە ئاگربەست ئێران هێرشی کرد و 9 ئیسرائیلی کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە فریاگوزارییەکان و سوپای ئیسرائیل رایانگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران لانیکەم 9 کەس لە ئیسرائیل کوژران. هێرشەکە کەمێک پێش ئەو کاتە بوو کە بڕیاربوو ئاگربەستێکی قۆناخبەند، کە لەلایەن ترەمپەوە راگەیێندرابوو، بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی ماگن داڤید ئادۆم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، 3 کەس لە شوێنی هێرشەکە لە باشووری شاری بیئر سەبع گیانیان لەدەستداوە و دواتریش 6 لە بریندارەکانی هێرشەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی دەزگاکە، نزیکەی کەسی دیکەش بریندار بوون، دوو کەس برینەکانیان مامناوەندە و ئەوانی دیکەش برینەکانیان سووکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی سوپای ئیسرائیل، لە بەرەبەیانەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاژێر زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری ئیسرائیل لێدرا، لە کاتێکدا ئێران 6 شەپۆلی مووشەکیی ئاراستە کردبوو.
نزیک کاژێر 8:00ی بەیانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، خەڵک دەتوانن لە پەناگەکان بێنە دەرەوە.
زیانەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە تەواوی نەزانران، بەڵام دەگوترێ لانیکەم 50 مووشەک کەوتوونەتە خوارەوە و بەر لە هێرشەکانی ئەم بەیانییەش 24 کەس لە ئیسرائیل کوژراون.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە زیاتر لە 500 مووشەک و نزیکەی 1000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خستووەتە خوارەوە.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی سۆسیال تروسدا رایگەیاند، ئێران و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستێکی قۆناخبەندی رێککەوتوون.
بەگوێرەی ترەمپ، ئێران دەبێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی لە کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی (کاژێر 07:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر) ئەمڕۆ سێشەممە رابگرێت و ئیسرائیلیش دوای 12 کاژێر هەمان هەنگاو بنێت.