حووسییەکان: ئیسرائیل دەستدرێژیی کردە سەر پایتەختی یەمەن

رووداو دیجیتاڵ

چەکدارانی حووسیی یەمەن رایانگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر سەنعای پایتەخت، کە نوێترین هێرشە دژی ئەو گرووپەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و لە ماوەی جەنگی غەززەدا چەندین جار مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە 24-08-2025 کەناڵی مەسیرەی حووسییەکان باسی "دەستدرێژیی" ئیسرائیلی کرد بۆ سەر سەنعای پایتەخت، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنیی حووسییەکان رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکە باڵەخانەیەکی شارەوانیی لە نێوەڕاستی سەنعا کردووەتە ئامانج و گوتیشی، "قوربانی هەیە."
 
میدیای حووسییەکان رایگەیاند، دوو کوژراو و پێنج بریندار هەن.
 
سوپای ئیسرائیل لەسەر هێرشەکە گوتی: "بۆردوومانەکان لە وەڵامی هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆریستانی حووسی بوو لە دژی دەوڵەت و خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل."
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل - حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 لە کەرتی غەززە، حووسییەکان چەندین جار مووشەک و درۆنیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوسۆزی گەلی فەلەستینن.
 
زۆربەی هێرشەکانی حووسییەکان بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام بوونەتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ئامانجەکانی ئەو چەکدارانە لە یەمەن.
 
لە 17ـی ئابدا، ئیسرائیل رایگەیاند شوێنێکی ژێرخانی وزەی لە سەنعا کردووەتە ئامانج کە پەیوەندیی بە حووسییەکانەوە هەبووە، مەسیرە لەو کاتەدا رایگەیاند، وێستگەی کارەبای حەزیزی پایتەختی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان کراوەتە ئامانج.