وەزیرێکی ئیسرائیلی بە سعودیەکانی گوت 'هەر سواری حوشترەکانتان بن' و دواتر پەشیمانیی دەربڕی
رووداو دیجیتاڵ
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە پەشیمانیی خۆی بۆ ئەو لێدوانانەی لەبارەی سعودیە دەربڕی و بە "نالەبار" وەسفیکردن، دوای ئەوەی بە سعودیەی گوتبوو، ئەگەر داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی بکات لە بەرامبەر دروستکردنی پەیوەندییەکاندا، دەتوانێت "هەر لەسەر سواربوونی حوشتر بەردەوام بێت."
سمۆتریچ لە راگەیێنراوێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، گوتی: "لێدوانەکەم سەبارەت بە سعودیە نالەبار بوو و پەشیمانم لە هەر ناڕەحەتییەک کە دروستیکردبێت."
بەڵام لە هەمان کاتدا گوتی، چاوەڕێی ئەوەش دەکات سعودیەکانیش سووکایەتی بە ئیسرائیل نەکەن و گوتی: "من ئامادە نیم دووڕوویی قبووڵ بکەم. هەروەک چۆن من نامەوێت سووکایەتی بە سعودیەکانیش بکەم، چاوەڕێم لێیان سووکایەتی بە من، یان باشتر بڵێم، سووکایەتی بە ئێمە نەکەن."
هەروەها گوتیشی: "هەرکەسێک نکۆڵی لەو پەیوەندییە زیندوو و زۆر قووڵە بکات کە لەگەڵ ناوچەکانی نیشتمانەکەمان لە یەهودا و سامرەدا هەمانە، سووکایەتی بە ئێمە دەکات،" مەبەستی لە زاراوە ئینجیلییەکەی ئیسرائیل بوو بۆ کەرتی رۆژئاوای فەلەستین.
سمۆتریچ، کە خۆی لە کۆمەڵگەیەکی کەرتی رۆژئاوادا دەژی، لایەنگرێکی سەرسەختی لکاندنی خاکی فەڵەستینە، لە کۆنفرانسێکدا لە ئیسرائیل گوتبووی: "ئەگەر سعودیە پێمان بڵێت دروستکردنی پەیوەندی لە بەرامبەر دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا؛ هاوڕێیان، نەخێر سوپاس."
سمۆتریچ گوتی: "هەر لە سواربوونی حوشتر لەسەر لمی بیابانی سعودیە بەردەوام بن؛ ئێمە بەڕاستی لە گەشەکردن بە ئابووری، کۆمەڵگە، دەوڵەت و هەموو ئەو شتە گەورە و نایابانەی کە دەزانین چۆن بیانکەین، بەردەوام دەبین،" کە ئەمەش کاردانەوەی تووندی لە ئیسرائیل لێکەوتەوە.
کاردانەوەی ئۆپۆزیسیۆن
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن بە خێرایی سەرکۆنەی لێدوانەکانی کرد. لاپید لە پۆستێکدا بە زمانی عەرەبی لە تۆڕی ئێکس نووسیبووی: "بۆ هاوڕێیانمان لە شانشینی سعودیە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سمۆتریچ نوێنەرایەتیی دەوڵەتی ئیسرائیل ناکات،" و دواتر داوایکرد داوای لێبووردن بکات.
بێنی گانتز، وەزیری پێشووی بەرگری، کە کەسایەتییەکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنە رایگەیاند، لێدوانەکانی سمۆتریچ "ئاماژەن بۆ نەزانی و تێنەگەیشتن لە بەرپرسیارێتیی خۆی وەک وەزیرێکی باڵا لە حکومەت و کابینەدا."
ئیمارات، بەحرەین و مەغریب لە ساڵی 2020دا لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی ئەبراهامدا کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا کرا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی کردەوە، بەڵام گفتوگۆکانی دروستکردنی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل، دوای هێرشەکەی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس و هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، سڕکران.