کۆنسووڵی پێشووتری ئەمریکا لە هەولێر دەبێتە چاودێری ئاگربەستی غەززە

 
رووداو دیجیتاڵ

ستیڤ فەیگن، کۆنسووڵی پێشووتری ئەمریکا لە هەولێر و هەڵسوڕێنەری پێشووی کاروباری باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە بەغدا، لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە راسپێردرا بۆئەوەی چاودێریی ئاگربەستی غەززە بکات.
 
دوایین ئەرکی دیپلۆماتەکە، هەڵسوڕاندنی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە بەغدا، کە لە کۆتایی ئایار تاوەکو کۆتایی ئابی ئەم ساڵ بوو.
 
فەیگن لە 2018 بۆ 2020، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکاش بوو لە هەولێر؛ دواتر لە ساڵی 2020 بۆ 2021 بووە جێگری سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، فەیگن دەبێتە سەرکردەی سڤیلی دەستەیەک کە چاودێریی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات کە لە 10ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە. 
 
بە گوێرەی وەزارەتەکە، دەستەکە سەرکردەیەکی سەربازیشی دەبێت کە ئەویش جەنەڕاڵ پاتریک فرانکە.
 
ناوی دەستەکە (ناوەندی هاوئاهەنگیی سڤیل و سەربازییە) کە 17ی تشرینی یەکەم، لە باشووری ئیسرائیل دامەزرێندرا بۆ ئەوەی چاودێریی پێشێلکارییەکان و ئاسانکاریی لۆجستی بۆ گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بە کەرتی غەززە بکات.  
 
نزیکەی 200 سەربازی ئەمریکی نێردراونەتە ناوەندەکە کە لەم کاتەدا بارەگاکەی لە کۆگایەکە. 
 
لەوێ، سەربازانی ئەمریکی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلی و ئەورووپییەکانیان، نوێنەرانی ئیمارات و ئوردن و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان کار دەکەن. 
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی، سەردانی ناوەندەکەی کرد کە لە ئیسرائیلە و لە غەززە نزیکە. 
 
روبیۆ گوتی: "لەم کارەدا رووبەڕووی هەوراز و خۆشی و ناخۆشی دەبن، بەڵام پێم وایە هۆکاری زۆرمان هەیە بۆ ئەوەی گەشبین بین لەبارەی ئەو پێشڤەچوونەی خەریکە بەدەست دێت."
 
لەپاڵ کارەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، فەیگن ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. 
 
فەیگن لە ساڵی 2022ەوە باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە یەمەن؛ لە دۆخێکی شڵۆقدا پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ یەمەن بەڕێوەدەبرد، لە کاتێکدا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا حووسییەکانی بۆردوومان دەکرد. 
 
کاتێک ئەرکی باڵاترین دیپلۆماتی ئەمریکای لە بەغدا گرتە ئەستۆ، لە ئەرکی خۆی وەک باڵیۆزی یەمەن هەر بەردەوام بوو.