لە سعودیە دووکانێکی مەیفرۆشی بۆ بیانییەکان کراوەتەوە؛ 'کەسێک بە جارێک 30 بوتڵی کڕی'
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک دیپلۆماتکار و هەڵگرانی ڤیزای پریمەم رایانگەیاندووە، حکومەتی سعودیە بە نهێنی و وردە وردە قەدەخەی سەر دەستکەوتن، کڕین و خواردنەوەی کحول بۆ کەسانی بیانی دیاریکراو هەڵدەگرێت.
رۆژی دووشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2025، ژمارەیەک دیپلۆماتکار، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت رایانگەیاند، لەم چەند رۆژەی رابردوودا حکومەتی سعودیە رێگەی بە فرۆشتی خواردنەوە کحولییەکان لە ریازی پایتەخت بە هەڵگرانی ڤیزای پریمەم داوە.
لە شاری ریاز یەک ناوەندی فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی هەیە و پێشتر تایبەت بوو بە دیپلۆماتکارەکان.
ڤیزای پریمەم لە سعودیە دەدرێتە ئەو بیانیانەی کە دەیانەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر یان دیاریکراو لە سعودیە بمێننەوە و لەوێ بژین، کاربکەن و وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە کەفیل بێت. لە دەستپێکی 2019ەوە، بەرپرسانی سعودیە ڤیزای پریمەمیان راگەیاندووە و وەرگرتنیشی 213 هەزار دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت.
چوار کەس قسەیان بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس کردووە و پشتڕاستیانکردووەتەوە کە یاساکان گۆڕاون، دوو لەو کەسانە دیپلۆماتکار و دووەکەی دیکەشیان هەڵگری پاسپۆرتی پریمەم بوون.
یەکێک لە هەڵگرانی ڤیزای پریمەمەکە گوتی، "لە هاوڕێکانمەوە بیستم کە یاساکان گۆڕاون و تاقیمکردەوە. دوو رۆژ پێش ئێستا چووم و کڕیم". دەشڵێت، "ئەم هەنگاوە وایکرد پارەی کەمتر لە بازاڕی رەش خەرج بکەم. ئێستا نرخەکەی گونجاوە و دەتوانین بە ئاسانی کحول بکڕین".
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی سعودیە هیچیان لەم بارەیەوە نەگوتووە.
یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان کە قسەی بۆ ئەسۆشیەتد پرێس کردووە رایگەیاندووە، "هەواڵی رێگەدان بە کڕینی خواردنەوەی کحولی لە سعودیە بە گرووپەکانی وەتسئەپدا بڵاوبووەتەوە." دەشڵێت، "رۆژی شەممە فرۆشگاکەی شاری ریاز پڕ خەڵک بووە و یەکێکیان 30 بوتڵی کڕی. نزیکەی دوو ساڵە فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان لە شاری ریاز کراوەتەوە."
پێشتر لە ساڵی 1952دا خواردنەوەی کحولی لە سعودیە قەدەخە کرا. بەڵام محەممەد بن سەلمان، لە دوای دەستنیشانکردنی وەک شازادەی جێنشینی سعودیە ژمارەیەک گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی کرانەوە لە وڵاتەکەدا کرد.