عومرەکارێکی کورد لە سعودیە کۆچی دواییکرد

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەک کە بۆ بەجێهێنانی عومرە لە وڵاتی سعودیە بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی حاجی زەینەلە و خەڵکی قەزای بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک".
 
هاونیشتمانییەکە لە شاری مەککە کۆچی دواییکردووە. نەبەز ئیسماعیل گوتی، هۆکاری مردنەکە نەخۆشی بووە.
 
هەر ئەمڕۆ، کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاماری گیانلەدەستدانی عومرەکان لە سعودیە بە وردی بەردەست نییە، چونکە بەشێکی هاونیشتمانیان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەچنە سعودیە بۆ عەمرە.