وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: بەرپرسانی حکومەتی نوێی سووریا ئازاری کورد دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، بەرپرسانی حکومەتی نوێی سووریا لە "گرووپێکی تیرۆریستییەوە" هاتوون و دەستیان بەسەر دیمەشق دا گرتووە. دەشڵێت، ئەوان تۆڵە لە عەلەوییەکان دەکەنەوە و زیان بە کورد دەگەیێنن.
رۆژی سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا رایگەیاند، "حکومەتی نوێ(ی سووریا) گرووپێکی ئیسلامیی تیرۆرستین کە لە ئیدلبەوە هاتوون و بە هێز دەستیان بەسەر دیمەشق دا گرتووە".
دەشڵێت، "هەمووان دڵخۆشین کە ئەسەد لە دەسەڵات نەماوە، بەڵام پێویستە واقعی بین، ئیسلامییەکان بە وریاییەوە قسەدەکەن، سەیرکەن چۆن ساڵی 1979 قسەیان دەکرد. ئێستا هەمووان دەزانن سەرکردە نوێیەکە کێیە".
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێش کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی 20 وڵات لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا. وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی بەلجیکا، هۆڵەندا، دانیمارک، پرتوگال، ئیسپانیا و چەند وڵاتێکی دیکەش بەشدارییان کرد.
ساعر گوتیشی، ئامادە نین پاشەکشە لەو هەنگاوانە بکەن کە بۆ پاراستنی سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا گرتوویانەتەبەر. جەختی لەوەش کردەوە، "حەماس و جیهانی ئیسلامی لە سووریا پلانیان هەیە بەرەیەکی دیکە(ی جەنگ) لە دژی ئیسرائیل بکەنەوە".
سەبارەت بە سەقامگیربوونی سووریا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "سووریا تەنیا کاتێک سەقامگیر دەبێت ئەویش ئەگەر ببێتە فیدڕاڵی کە چەند ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لەخۆبگرێت و رێز لە جیاوازییەکان بگرێت".
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە ویستی وڵاتەکەی بۆ لاوازکردنی بەردەوامی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە پیشاندا و گوتی، "لاوازکردنی حیزبوڵـڵا بەدڵنیاییەوە بووە هۆی ئەوەی ئەسەد لە سووریا لە دەسەڵاتدا نەمێنێتەوە. دەرفەتێک هەیە بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی لە لوبنان. دەرفەتێک هەیە بۆ ئازادکردنی لوبنان لە داگیرکاری ئێرانی".
ئەو هۆشداری لەوەشدا ئێران بەردەوامە لە گواستنەوەی چەک بۆ حیزبوڵـڵا بە هاوکاریی تورکیا. دەشڵێت، "ئەگەر سوپای لوبنان بەهێزتر بێت لە حیزبوڵـڵا، ئەوا داهاتووی لوبنان باشتر دەبێت. ئەگەر نا، وڵاتەکە لەژێر داگیرکاری ئێراندا دەمێنێتەوە".
رۆژی یەکشەممە، 23ـی شوباتی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکی تایبەت بەو سەربازانەی بەشداریی جەنگەکانی وڵاتەکەیان کردووە لە قودس-ئۆرشەلیم گوتی، "رێگە بە هێزەکانی دەستەی تەحریر شام و سوپای نوێی سووریا نادەین بێنە ناوچەکانی باشووری دیمەشق". دەشڵێت، "داوای لە چەکداماڵینی باشووری سووریا دەکەین".
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاند. رۆژی دواتر، سوپای ئیسرائیل چووە نێو خاکی سووریا و بەشێکی باشووری وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، مانەوەیان لە باشووری سووریا بۆ پاراستنی دانیشتووانی بەرزاییەکانی گۆلان و هاووڵاتییانیانە لە باکووری ئیسرائیل. ئاماژە بەوەش دەکەن، رووبەڕووی هەر گرووپێکی چەکدار دەبنەوە بییەوێت ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات.