بەپێی سەرچاوە رۆژئاواییەکان : عێراقچی و قاڵیباف لەم پێنج رۆژەی گفتوگۆدا پارێزراو دەبن


رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێ دەنێتە رۆژی بیست و شەشەمین، دوایین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزبەندییەکی کاتییان داوەتە دوو لە گەورە بەرپرسانی ئێرانی کە لە دانوستاندنەکانی راگرتنی جەنگدا بەشدارن.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژئاواییەکان، ئەو دوو بەرپرسە ئێرانییە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانن.
 
لەنێوخۆی ئێرانەوە هەڵوێست و لێدوانی دژبەیەک دژی دانوستاندن دەبیسترێ. دوایین هەڵوێست لە ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانەوە بوو کە بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز گوتی "واشنتن دانوستاندن لەگەڵ خۆی دەکات"، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ دوایین لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بە گەشبینییەکی زۆرەوە باسی ئەگەری سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی کرد.
 
بەڵام لەلایەکی دیکەوە، جموجووڵەکان بۆ دەستکردن بە دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان لایەنەکانی شەڕ  بە ئاشکرا دەبینرێن. 
 
رۆژی سێشەممە، 24-03-2026 ، تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لەزاری ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە کە گۆڕینەوەی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن هەبووە و گوتیشی "ئێران ئامادەیە بۆ گوێگرتن لە هەر پێشنیازێک ببێتە هۆی کۆتاییهێنانی یەکجاری بە شەڕ".
 
هەرچەندە محەممەد باقر قاڵیباف پێشتر لە تویتێکدا ئەو زانیارییانەی بە بێبنەما ناوبرد کە باسیان لە دانوستاندنێکی نهێنی لەگەڵ ئەو دەکرد، بەڵام بەپێی سەرچاوە رۆژئاواییەکان، یەکێک لەو دوو گەورە بەرپرسە ئێرانیانەیە کە بڕیارە بە نێوەندگیریی حکومەتی پاکستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە ئیسلام ئاباد دەست بە وتووێژ بکەن.
 
دەگوترێ ئەو پارێزبەندییە بۆ قاڵیباف و عێراقچی لانیکەم پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام نە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و نە ئیسرائیل و ئێران هێشتا لەسەر رێکار و ڕێوشوێنێکی لەوجۆرە قسەیەکی فەرمییان نەکردووە.
 
بەرپرسانی ئێران، وەکو لە روونکردنەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە دیارە، متمانەیان بەوە نەماوە کە لایەنی ئەمریکی لەو هەوڵی دانوستاندنەدا جیدی بێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە واشنتن دوو جار لە دانوستاندن کشایەوە و رێگەی جەنگی هەڵبژارد.
 
قاڵیباف کە وەک یەکێک لە دیارترین جەمسەرەکانی ئێستای دەسەڵاتی ئێران ناوی دێت، بەجۆرێک وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی لەبارەی هەوڵەکانی دانوستاندن دایەوە کە هەوڵێک بێت بۆ رێگری لەو پشێوییەی لە بازاڕی جیهانیی وزەدا بەهۆی سنوورداربوونی جووڵەی دەریاوانی لە تەنگەی هورمزدا پەیدا بووە.
 
ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لەزاری سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە بڵاوی کردەوە کە لایەنی ئێرانی بە نێوبژیوانەکانیان گوتووە "دوو جار لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە فێڵمان لێکراوە، ئامادە نین بۆ جاری سێیەم فێڵمان لێ بکرێتەوە".
 
بەرپرسانی ئێرانی وەکو ئەکسیۆس دەڵێت، بە نێوبژیوانەکانیان گوتووە کە کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی زیاتر و هێنانی هێزی پشتیوانی بۆ ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر ئەو گومانە تۆخ دەکاتەوە کە دەستپێشخەریی ترەمپ بۆ دانوستاندن تەنیا فێڵێکە. بەڵام کۆشکی سپی وەکو ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە دەڵێت، تارانیان دڵنیا کردووەتەوە کە سەرۆک ترەمپ زۆر جدییە لەو پێشنیازەی خۆی و بەڵگەش ئەوەیە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتی شاندی لایەنی ئەمریکی دەکات.
 
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی سەرچاوە رۆژئاواییەکان، میکانیزمێکیش بۆ راگرتنی شەڕ دانراوە.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژئاواییەکان کە لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوییانکردووەتەوە، باس لەوە دەکەن کە هەر ئێستا نێردراوانی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر بە رەزامەندیی سەرۆک ترەمپ کار لەسەر ئەو میکانیزمە دەکەن.
 
بەگوێرەی ئەو میکانیزمەش، جەنگ بۆ ماوەی مانگێک رادەگیرێت. لەماوەی ئەو مانگەدا دانوستاندن لەسەر رێککەوتننامەیەک دەکرێ کە لە 15 بەند پێکهاتووە. بەڵام هێنانی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە هەر بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەی ئەو وردەکارییە بێت کە لەبارەی مەرجەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەو دانوستاندنەدا بڵاو کراوەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت هەموو داخوازییانە جێبەجێ بکات کە پێش بەرپابوونی ئەم جەنگەش لەئارادابوون و ملنەدانی لایەنی ئێرانی بەو مەرجانە بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە.
 
بەشێکی مەرجەکانیش وەکو ئەوەی بە دەستی میدیاکان گەیشتووە ئەمانەن:
 
- ئێران بەڵێن دەدات دەست لە پرۆگرامی ئەتۆمی هەڵگرێت.
- پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاکی ئێراندا رێگەپێدراو نابێت.
- ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێندراوەی لەدەستی ئێراندایە رادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکرێ
- کوورە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئیسفەهان و فۆردۆ دەبێت بە تەواوی وێران بکرێن.
- تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی دەبێ بدرێنە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
- تەرخانکردنی پارە و دارایی و چەک بۆ میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی رادەگیرێن.
- تەنگەی هورمز وەکو رێڕەوێکی ئارامی کەشتیوانی دەمێنێتەوە.
- مەرج دەخرێتە سەر مووشەکەکانی ئێران، چ وەکو ژمارە، چ وەکو ئەو مەدایەی کە دەتوانن بیبڕن.
- مووشەکی ئێرانی تەنیا بۆ بەرگری دەبن.
لە بەرامبەر ئەمانەدا ئەگەر لایەنی ئێرانی پابەندیان بوو:
- تەواوی سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن.
- پشتیوانی و هاوکاری بۆ پرۆژەیەکی سڤیلی ئەتۆمی لە وێستگەی بووشەهر دابین دەکرێ.
- میکانیزمی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان هەڵدەوەشێتەوە.