سوپای پاسداران: تەلئەڤیڤ و حەیفا لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی "شەپۆلی 81ـەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستی 4"، بە دەیان مووشەک زیاتر لە 70 شوێنیان لە ناو خاکی ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و زیانی گەورەیان لێ داون.
 
لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران دا هاتووە: "مووشەکەکانی جۆری عیماد، قیام، خوڕەمشار 4 و قەدر، لە چەندین قۆناخدا و بە دروشمی (یا باقرالعلوم - ع) ئاراستەی قوڵایی خاکی ئیسرائیل کران. مووشەکەکان بە وردی لە شارەکانی حەیفا، دیمۆنا، ئەلخەزیرە و ناوچەکانی باکوور و باشووری تەلئەڤیڤیان داوە."
 
سوپای پاسداران دەڵێت، ئەم هێرشانە وەکو وەفایەک بووە بۆ خوێنی شەهیدانی سەرباز، بەتایبەتی "سەربازی قارەمان شەهید سەید جەواد ئیزەدی". 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئەمریکا کردووە و دەڵێت: "ئێوە رووبەڕووی درۆ و چەواشەکارییەکانی ترەمپ و نەتەنیاهوو بوونەتەوە. راستی جەنگ لە بەنزینخانەکانی ئەمریکا، شەقامەکانی ئێران و ئاسمانی تەلئەڤیڤ و حەیفادا ببینن."
 
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکییەکان کە رۆڵەکانیان بە فێڵی نەتەنیاهوو و ترەمپ نەنێرن بۆ "دۆزەخ" و دەڵێت: "سەربازە دەستدرێژکارەکان لە دەریای ملیۆنیی گەلی ئێراندا نوقم دەبن."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران جەخت لەسەر هەڕەشەکانی پێشووی دەکاتەوە: "تەلئەڤیڤ و حەیفا لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین، ئەمە ئەو وانەیەیە کە شەهیدەکانمان فێریان کردووین."