ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر دەکاتەوە؛ لە باشووری وڵاتەکە 9 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
میدیا فەرمییەکانی لوبنان رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، لانیکەم 9 کەس کوژراون. هاوکات سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بە دانیشتووانی باشووری بەیروت داوە، بەپەلە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-3-2026، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی لوبنان (NNA) بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی (عەدلۆن) لە ناوچەی سەیدا، چوار کەس کوژراون. هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر شوقەیەک لە ناو کەمپی (میێ میێ)ی تایبەت بە ئاوارە فەلەستینییەکان، دوو کەسی دیکە کوژران و چواریش بریندار بوون.
هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە شارۆچکەی (حەببووش) لە باشووری لوبنان، بۆردوومانەکان بوونە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی 18 کەسی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی نوێی بۆ چۆڵکردنی ناوچەی (زاحییە) لە باشووری بەیروت بڵاوکردەوە، کە بە مۆڵگەی سەرەکیی حیزبوڵڵا دادەنرێت. گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل بە هێزێکی زیاترەوە ژێرخانە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا دەکاتە ئامانج؛ بۆ سەلامەتیی خۆتان، دەبێت دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن."
ئیسرائیل ئامانجییەتی کۆنتڕۆڵی ناوچە سنوورییەکانی لوبنان تاوەکو رووباری (لیتانی) بکات، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی لوبنان، لە 2ی ئاداری ئەمساڵەوە شەڕی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل دەستیپێکردووەتەوە، لانی کەم 1072کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رایانگەیاند، رۆژی سێشەممە ئافرەتێک لە باکووری وڵاتەکەیان بەهۆی مووشەکبارانی حیزبوڵڵاوە کوژراوە.