شەش وڵاتی عەرەبی داوای راگرتنی هێرشەکان لە عێراق دەکەن

 
رووداو - هەولێر

شەش وڵاتی عەرەبی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوا لە عێراق دەکەن رێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی لە خاکەکەیەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی دراوسێ؛ لە بەرامبەریشدا گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" رایدەگەیێنێت کە تەنیا هێزە ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج.
 
رۆژی چوارشەممە، 25ی ئاداری 2026، هەریەک لە وڵاتانی (کوێت، ئیمارات، بەحرێن، سعودیە، قەتەر و ئوردن) راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران و "بریکارەکانیان" لە ناوچەکەدا کرد. 
 
ئەو وڵاتانە جەختیان لە "مافی تەواو و رەسەنی خۆیان" کردەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە بە "تاوانکاری" وەسفیان کردوون.
 
لە راگەیێندراوی ئەو شەش وڵاتەدا هاتووە، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە عێراقەوە هێرش دەکەن، ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد کە رێگری لەو هێرشانە بکات.
 
لە وەڵامی ئەم راگەیێندراوەدا، ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی "سەرایا ئەولیا دەم" رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026 رایگەیاند، هێرشەکانی ئەوان "تەنیا بۆ سەر ئەمریکایە لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن." 
 
دەشڵێت:" نیەتی ئەمریکا بۆ بڵاوکردنەوەی پێنج هەزار سەربازی دیکە لە ناوچەکەدا، وادەکات هێرشەکانیان لە هەر وڵاتێک بن، چڕتر بکەنەوە."
 
گوتەبێژی سەرایا ئەولیا دەم تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کرد کە ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگریی عێراق، "لەو بنکە سەربازییانەوە دەستپێدەکەن کە لە هەندێک لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن جێگیر کراون."