سعودیە پێشوازی لە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە پێشوازی لە بڕیارێکی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە تێیدا بە کۆی دەنگ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤ"ی وەسف کرد.
 
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پەسندکردنی ئەو بڕیارە لە خولی 61ـەمی ئەنجوومەنەکەدا بە کۆی دەنگ، گوزارشت لە هەڵوێستی یەکگرتووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە رەتکردنەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سعودیە، بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، ئیمارات و ئوردن.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیەدا هاتووە: "ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقن بۆ سەر سەروەریی دەوڵەتان و ئاسایشی خاکەکانیان و دژی هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن." جەختیشیان کردەوە کە بە ئامانجگرتنی ئەو وڵاتانەی لایەن نین لە هیچ ململانێیەکدا، "دەستدرێژییەکی ئاشکرایە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
 
ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ کە لە 47 دەوڵەت پێکهاتووە، داوای لە تاران کردووە بە زووترین کات قەرەبووی هەموو ئەو زیانمەندانە بکاتەوە کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. 
هەروەها بڕیارێکی دیکەی بە پشتیوانی وڵاتانی کەنداو و ئوردن پەسند کرد کە تێیدا سەرکۆنەی هەوڵەکانی ئێران دەکات بۆ پەکخستنی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز.
 
جاسم بدیوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، وێڕای دەستخۆشی لە بڕیارەکە رایگەیاند، پڕۆژەبڕیارەکە لەلایەن بەحرێنەوە بەناوی وڵاتانی کەنداو و ئوردن پێشکێش کراوە و زیاتر لە 100 دەوڵەت پشتگیرییان کردووە.
 
بدیوی ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە بە روونی سەرکۆنەی هێرشە "ئەنقەستەکانی" ئێران دەکات بۆ سەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانی وڵاتان، کە بووەتە هۆی قوربانی و زیانگەیاندن بە ئاسایشی دەریایی، ژینگە و رێڕۆ بازرگانییەکانی جیهان.
 
ئەمینداری گشتیی وڵاتانی کەنداو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، چاودێریی پابەندبوونی ئێران بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بکەن بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە بگیرێت و تاران ناچار بکرێت پەنا بۆ دیالۆگ و رێگەی ئاشتییانە ببات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.