بەرگریی سعودیە: 28 درۆن و مووشەکێکی بالیستیمان تێکشکاند

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ناوچەی شەرقیەی وڵاتەکە تێکشکاند، کە بە مووشەک و درۆن کراونەتە سەر ناوچەکە.
 
گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە زنجیرەیەک راگەیێندراوی کورتی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوکردەوە، تێیدا باسی ئەو هێرشانەی کردوون کە ئەمڕۆ چوارشەممە تێکیانشکاندوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکان، سەرجەم هێرشەکان، کە ژمارەیان 14 هێرش بووە، ناوچەی شەرقیەیان کردووەتە ئامانج. گوتەبێژەکە ئاشکرای کردووە، لەو هێرشانەدا 28 درۆن و مووشەکێکی بالیستیی تێکشکێندراون.
 
وەزارەتی بەرگریی سعودیە وردەکاریی لەبارەی شوێنی هاویشتنی مووشەک و درۆنەکان یان زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.
 
ناوچەی رۆژهەڵاتی سعودیە کە ناوەندێکی گرنگی پیشەسازیی نەوت و وزەی وڵاتەکەیە، زۆرجار رووبەڕووی ئەم جۆرە هێرشانە دەبێتەوە. هێشتا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی ئەمڕۆ رانەگەیاندووە.
 
لە 28ی شوباتەوە کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەمریکا دەستیپێکردووە، یەکێک لەو شوێنانەی رووبەرڕووی هێرشەکانی ئێران بووەتەوە، سعودیەیە. وڵاتەکە لە لێواری تێوەگلانی راستەوخۆیە لە جەنگەکەدا.
 
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سعودیە رەزامەندیی نیشانداوە سوپای ئەمریکا بنکەی ئاسمانیی "شا فەهد" بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بەکاربهێنێت.
 
ئەم بڕیارە وەک "پاشەکشەیەکی ئاشکرا"ی ریاز لە هەڵوێستەکانی پێشووی دەبینرێت، چونکە سعودیە پێشتر چەندینجار جەختی کردبووەوە کە رێگە نادات بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێن.