ئیمارات: تائێستا 2200 مووشەک و درۆنی ئێرانمان تێکشاندوون

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر بەحرێن، گرێبەستکارێکی مەدەنییان گیانی لەدەستداوە و پێنج سەربازیشیان بریندار بوون؛ راشیگەیاند تەنیا لە یەک رۆژدا 22 مووشەک و درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە.
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کارمەندێکی مەدەنییان کە رەگەزنامەی مەغریبییە، لە کاتی  ئەرکێکی ئاساییدا لە بەحرێن، بەهۆی ‌هێرشێکی مووشەکیی ئێرانەوە گیانی لەدەستداوە. لە هەمان هێرشدا پێنج کارمەندی دیکەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بریندار بوون.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاماژەی بەوە کرد، هەر لە رۆژی 24ـی ئاداری 2026 توانیویانە پێنج مووشەکی بالیستی و 17 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) تێکبشکێنن کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
 
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتەکە بڵاوی کردوونەتەوە تاوەکو 24ی ئادار توانیویانە 2200 مووشەک و درۆنی ئێرانی تێکبشکێنن، لەوانە: 362 مووشەکی بالیستی، 15 مووشەکی کرووز و 1823 درۆن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو هێرشانە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو سەربازی ئیماراتی و کوژرانی شەش مەدەنی کە رەگەزنامەی (پاکستانی، نیپاڵی، بەنگلادیشی و فەڵەستینی)یان هەبووە.
 
هەروەها 161 کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی بەشێکیان سەختە. بریندارەکان هەڵگری رەگەزنامەی 29 وڵاتی جیاوازن، لەوانە (ئیماراتی، عێراقی، میسری، سوودانی، ئوردنی، لوبنانی، هیندی و چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی و بیانی).
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لەسەر ئامادەباشیی تەواوی هێزەکانی کردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەروەریی دەوڵەت بکاتە ئامانج و رایگەیاند: "بە تووندی بەرپەرچی هەر هەوڵێک دەدەینەوە کە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ئیمارات بێت."