ئێران: تاوەکو ئێمە نەمانەوێت دۆخەکە ئاسایی نابێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، هۆشداریی تووند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، "زلهێزێکی جیهان" کە مەبەستی ئەمریکایە، لە ناوچەکەدا تووشی "شکستێکی ستراتیژی" بووە. دەشڵێت، "تاوەکو ئیرادەی ئێمە نەبێت، دۆخەکە بۆ باری ئاسایی ناگەڕێتەوە."
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە و ئاراستەی واشنتنی کردووە، دەڵێت، "ئەو هێزە ستراتیژییەی کە بانگەشەتان بۆ دەکرد، گۆڕاوە بۆ شکستێکی ستراتیژی. ئەو زلهێزەی جیهان ئەگەر بیتوانیبایە لەم تەنگژەیە رزگاری ببوایە، تاوەکو ئێستا رزگاری دەبوو."
زولفەقاری لە بەشێکی پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر ئاسایشی وزە لە ناوچەکەدا و رایگەیاند، "جارێکی دیکە نە وەبەرهێنانەکانتان لە ناوچەکەدا دەبیننەوە و نە نرخی پێشووی وزە و نەوت دەبینن، تاوەکو ئەو کاتەی تێدەگەن کە سەقامگیری لە ناوچەکەدا تەنیا لە رێگەی دەستی بەهێزی هێزە چەکدارەکانی ئێمەوە مسۆگەر دەبێت."
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، درووشمی ئەوان "سەقامگیری لە رێگەی هێزەوەیە" و ئاماژەی بەوەش کرد کە سەردەمی بەڵێنەکانی ئەمریکا کۆتایی هاتووە.
گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا بە راشکاوی رایگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ئیرادەی ئێمە نەبێت، هیچ دۆخێک بۆ باری پێشوو ناگەڕێتەوە. ئەم ئیرادەیەش کاتێک دروست دەبێت کە بیرۆکەی هەر کارێکی سەربازی دژی گەلی ئێران لە مێشکەکانتاندا بسڕێتەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا زولفەقاری، لەبارەی دانوستاندن و رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت، "کەسێکی وەک ئێمە، لەگەڵ کەسێکی وەک ئێوەدا رێکناکەوێت، نە ئێستا و نە هیچ کاتێکی دیکە."
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و تیمێکی باڵا لە بەرپرسانی ئیدارەکەی و کەسە نزیکەکانی سەرپەرشتیی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەکەن کە بریتین لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، راوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام بەرپرسانی ئێران لە میدیاکاندا رەتیدەکەنەوە هیچ جۆرە گفتوگۆی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبووبێت.