ترەمپ بۆ نەتەنیاهوو: دەبێت لەگەڵ غەززە باش بین

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەبارەی غەززە قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و پێی راگەیاندووە، "دەبێت لەگەڵ غەززە باش بین، ئەو خەڵکە لە ئازار و مەینەتیدان." داواشی لێکردووە، رێگەی چوونەژوورەوەی خۆراک و دەرمان بۆ ئەو ناوچەیەی فەلەستین بکاتەوە.
 
رۆژی هەینی 25-04-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە رێگە بە چوونەژوورەوەی خۆراک و دەرمان بدات بۆ نێو کەرتی غەززە.
 
لە 02-03-2025ـەوە هیچ خۆراک و دەرمانێک نەگەیشتووەتە دەستی غەززەییەکان. ئیسرائیل دەڵێت، رێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان نادات، تاوەکو حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد نەکات.
 
پێش لێدوانەکەی ترەمپ، بەرنامەی خۆراکی جیهانی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە رایگەیاند، کۆگەکانیان لە غەززە هیچ خۆراکێکیان تێدا نەماوە.
 
ترەمپ گوتی، لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ نەتەنیاهوودا پێی گوتووە، "دەبێت لەگەڵ غەززە باش بین؛ ئەو خەڵکەی ئەوێ لە مەینەتیدان."
 
پرسیار لە ترەمپ کرا، ئایا نەتەنیاهوو چۆن وەڵامی داوەتەوە؛ گوتی، "بە باش وەریگرت."
 
رۆژی هەینی ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "برسێتی لە غەززە بڵاودەبێتەوە، بەدخۆراکی تادێت خراپتر دەبێت، بریندارەکان چارەسەر ناکرێن، خەڵکی زیاتر دەمرن."