فەلەستینییەکان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا و ناوچەیەکی کەرتی غەززە، بۆ یەکەمجار لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە رامەڵڵای کەرتی رۆژئاوا، نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس لە کەرتی رۆژئاوا و 70 هەزار کەس لە ناوچەی دێر بەلەح لە کەرتی غەززە مافی دەنگدانیان هەیە.
زۆربەی بەربژێرەکان سەر بە بزووتنەوەی فەتحن، کە مەحموود عەباس سەرۆکایەتیی دەکات یان بەربژێری سەربەخۆن. بزووتنەوەی حەماس بە هیچ لیستێکی فەرمی بەشداریی نەکردووە.
لە زۆرێک لە شارە گەورەکاندا، بەربژێرەکانی فەتح لە کێبڕکێدان لەگەڵ بەربژێرە سەربەخۆکان.
سندووقەکانی دەنگدان لە کەرتی رۆژئاوا لە کاژێر 07:00ی بەیانی تاوەکو 07:00ی ئێوارە کراوە دەبن، بەڵام لە دێر بەلەح لە کەرتی غەززە، دەنگدان لە کاژێر 5:00ی ئێوارە کۆتایی دێت بۆ ئەوەی پێش تاریکبوون و بەهۆی نەبوونی کارەباوە، دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بکرێ.
رامیز ئەلەكبەرۆڤ، رێكخەری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە "دەرفەتێکی گرنگە بۆ فەلەستینییەکان تاوەکو مافە دیموکراسییەکانی خۆیان لەم دۆخە سەختەدا جێبەجێ بکەن."
ئەمە یەکەمجارە لە ساڵی 2006ەوە هەڵبژاردن لە کەرتی غەززە بکرێ. جەمال فادی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە قاهیرە دەڵێ، هەڵبژاردن لە دێربەلەح وەک "تاقیکردنەوەیەک"ە بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی، چونکە ئەو ناوچەیە تەنیا شوێن بووە لە غەززە کە زۆربەی دانیشتووانەکەی بەهۆی جەنگەوە ئاوارە نەبوون.
سەبارەت بە لایەنی ئەمنی، هەرچەندە کۆمیسیۆن کۆمپانیایەکی ئەمنی تایبەتی بۆ پاراستنی ناوەندەکانی دەنگدان لە غەززە بەکرێ گرتووە، بەڵام سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنەوە گوتی، پۆلیسی حەماس سوور بوون لەسەر ئەوەی خۆیان ئاسایشی دەنگدانەکە بپارێزن و بە جلی مەدەنی و بێ چەک لە دەوروبەری 12 ناوەندی دەنگدانەکە جێگیر دەبن.
مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە و چەندین جار بەڵێنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.