دوای تۆمەتبارکردنی بە پێشێلکردی ئاگربەست، نەتەنیاهوو فەرمانی هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد "بەتووندی" هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، ئەوەش دوای ئەوەی سوپا رایگەیاند، زنجیرەیەک پێشێلکاری دژی ئاگربەست کراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کورتی نووسینگەکەی، نەتانیاهوو "فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل داوە بەتووندی هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان"، ئەوەش دوای ئەوەی سوپا رایگەیاند، حیزبوڵڵا ئەو ئاگربەستەیان پێشێلکردووە کە رۆژی پێنجشەممە درێژکرابووەوە.
چەند کاژێرێک پێشتر، سوپای ئیسرائیل لە چەند راگەیێندراوێکی جیادا بڵاویکردەوە کە زیاتر لە 15 لە پازدە کەسیان لە باشووری لوبنان کوشتووە، لەنێویاندا سێ کەس کە ئۆتۆمبێلێکی "پڕ لە چەک"یان لێخوڕیوە.
سوپا هەروەها چەکدارەکانی حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بە "هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو بەرەو سەربازانی ئیسرائیل" لە ناوچەی قەنتەرە، کە لە نزیک سەربازەکان "تەقیونەتەوە"، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، سەربازەکانیان "کۆگایەکی مووشەکی دژەتانک لەنێو بنکەیەکی هەڵگرتنی چەکی حیزبوڵڵا" و رێڕەوێکی ژێرزەوییان دۆزیوەتەوە کە چەکی جۆری کڵاشینکۆڤی تێدابووە.