پێشبینیی ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی: 6ی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، رۆژی 6ی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
 
محەممەد شەوکەت عۆدە، بەڕێوەبەری ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی، کە بارەگاکەی لە شاری ئەبوزەبیی ئیماراتە، راپۆرتی ناوەندەکەی خستەڕوو، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی رۆژی سێشەممە، 27ی ئایاری 2025 چاودێریی مانگی نوێی زیلحیجەی ساڵی 1446ی کۆچی دەکەن.
 
بەڕێوەبەری ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات، بینینی مانگ لەو رۆژەدا بە بەکارهێنانی تەلیسکۆب لە نێوەڕاست و رۆژئاوای ئاسیا و زۆربەی ئەفریقا و ئەورووپاوە ئەگەری هەیە، هەروەها بە چاوی ئاسایی لە بەشێکی بەرفراوانی هەردوو کیشوەری ئەمریکاوە دەکرێت ببیندرێت.
 
بە گوتەی محەممەد شەوکەت عۆدە، پێشبینی دەکرێت رۆژی چوارشەممە 28ی ئایار یەکەم رۆژی مانگی زیلحیجە بێت، بەو پێیەش رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بێت لە زۆربەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا.
 
هەر لەوبارەوە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی رۆژی 29ی زولقەعدەی مانگی عەرەبی، لیژنەی شەرعیی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان دیاری دەکات."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، "ھەموو جیهان چاوەڕێی سعودیە دەکات بۆ دیاریکردنی ئەم رۆژە، چونکە رێوڕەسمەکانی حەج هەیە، کە 29ی زولقەعدە بەرامبەر 28ی ئایاری 2025ـە."
 
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، 9 رۆژ دوای ئەوە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، "حاجییان لە رۆژی 9ی زولحیجە، واتە رۆژێک پێش جەژن، لە کێوی عەرەفە دەوەستن تاوەکو نوێژی مەغریب."
 
ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە مەککە بۆئەوەی ئەرکی حەج بەجێبگەیێنن، بەشێکی زۆریشیان سەردانی مزگەوتی پێغەمبەر (د. خ) لە مەدینەی منەوەرە دەکەن.
 
هەموو رێکارەکانی حەج دەکەونە مانگی زولحیجەوە و چوار تاوەکو 6 رۆژ دەخایێنێت.
 
جەژنی قوربان هاوکاتە لەگەڵ قوربانیکردن لەلایەن حاجییانەوە، کە بە دەستی خۆیان یان کەسێک بە نوێنەرایەتیی ئەوان، ئاژەڵێک سەردەبڕێت و گۆشتەکەی دەبەخشێتەوە.
 
قوربانییەکە وەکو لە قورئاندا باسکراوە، "بنچینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەیامبەر ئیبراهیم، کاتێک سەرەتا لە خەونێکدا، وەکو تاقیکردنەوەیەک، لەلایەن خوداوە داوای لێکرا ئیسماعیلی کوڕی بکاتە قوربانی، بەڵام دوای ئەوەی ئامادەیی دەنوێنێت، بەرانێکی پێشکێش دەکات بۆئەوەی لەبری کوڕەکەی بیکاتە قوربانی."