فوئاد حوسێن و عێراقچی کۆبوونەوە؛ عێراق دەیەوێت تاران و واشنتن ئاشت بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، عەباس عێراقچی کۆبووەوە و پرسی گەڕانەوەی تاران بۆ مێزی گفتوگۆکانی لەگەڵ واشنتن تاوتوێ کرد، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ نێوەندگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 25-08-2025، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە شاری جەدەی سعودیە بەڕێوەچوو.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن و عەباس عێراقچی جەختیان لەسەر "پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پەرەپێدانیان کردووەتەوە، بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست بکات."
 
هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی رۆڵی حکومەتی عێراقی کردووە لە سەرخستنی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن و "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ میوانداری و پێشوازیی گەرم لە زیارەتکارانی ئێرانی" دووپاتکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە "ئەگەری گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا." ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراق دێت بۆ پشتگیریکردنی دیالۆگی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
 
بەر لەوەی ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەمریکا و ئێران پێنج جار لە ئیتاڵیا و عومان لەسەر بەرنامە ئەتۆمی کۆبوونەوە، بەڵام هێرشەکە شەشەمین کۆبوونەوەی نێوانیانیانی پەکخست، کە بڕیار بوو 15ی حوزەیران لە عوممان بکرێت.