غەززە و ئیسرائیل لە چاوەڕوانیی ئاڵوگۆڕکردنی کۆمەڵەی دووەمی بارمتە و بەندکراوەکاندان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، دووەم رۆژی ئاگربەستێکی چوار رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماسە کە دوای 7 هەفتە لە شەڕ راگەیێندرا. بڕیارە ئەمڕۆ حەماس 14 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئازاد بکات لە بەرامبەر 42 بەندکراوی فەلەستینی.
ئێوارەی رۆژی هەینی، بزووتنەوە فەلەستینییەکە 13 بارمتەی ئیسرائیلیی و ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد.
حەماس لە هێرشێکدا لە 7ـی تشرینی یەکەم، نزیکەی 240 کەسی لە دەوروبەری کەرتی غەززە بە بارمتە گرت، هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن ئەو رۆژە نزیکەی هەزار و 200 کەسی کوشت کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەڕەشەی کرد کە حەماس لەنێوببات، دەستی بە بۆردوومانی سەخت و دواتریش هێرشی زەوینی کرد بۆ سەر غەززە، کە حەماس دەڵێت، نزیکەی 15 هەزار کەسی کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
چوار پێشهاتی سەرەکی لە 24 کاژێری رابردوودا:
"خەڵکی زیاتر ئازاد دەکرێن"
بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند کە رۆژی شەممە، 14 بارمتەی ئیسرائیلی و 42 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن، لە کاتێکدا کە ئاگربەستی غەززە بەردەوامە.
رۆژی هەینی، حەماس 13 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد کە هەموویان ژن و منداڵ بوون، لە پاڵ 10 کرێکاری تایلاندی و یەکێکی فلیپینی کە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمدا گیرابوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێشتا نزیکەی 215 بارمتە لە غەززە دەستبەسەرن، بەڵام نازانرێت چەندیان زیندوون و چەندیان مردوون.
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست کە بە نێوەندگیریی سەرەکیی قەتەر کراوە، پێشبینی دەکرێت حەماس بە گشتی 50 بارمتە ئازاد بکات لە بەرامبەر 150 زیندانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بەندکراون.
"فریاکەوتنی غەززە"
ئەمڕۆ بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان لە چوونە نێو کەرتی غەززە لە دەروازەی رەفەحەوە بەردەوام بوون.
ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆچا)، رایگەیاند، رۆژی هەینی 137 بارهەڵگری سووتەمەنی، خۆراک، ئاو، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە گەیشتوونەتە ناوچە فەلەستینییەکە. هەروەها بیست و یەک نەخۆشی مەترسیدار گوێزراونەتەوە میسر.
"درۆنێک هێرش دەکاتە سەر کەشتیێکی ئیسرائیلی"
بەگوێرەی بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە گومانی لێدەکرێت سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بێت، هێرشی کردە سەر کەشتیێکی بارهەڵگری ئیسرائیل لە زەریای هیندی.
ئەو بەرپرسە گوتی، "ئاگاداری ئەو هەواڵانەین کە گومان دەکرێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی شاهید 136ـی سەر بە سوپای پاسداران لە زەریای هیندیدا لە کەشتییەکی سڤیلی دابێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، زیانێکی کەمی لێکەوتووەتەوە و کەسیش بریندار نەبووە."
ئەو هێرشە نزیکەی هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری پەیوەندیدار بە ئیسرائیلەوە لە باشووری دەریای سووردا گرت.
حوسییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمەوە زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی حەماس.
"ئیسرائیل هێرشی کردە سەر حیزبوڵڵای لوبنان"
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێکی خستووەتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە ئاراستەی درۆنێکی ئیسرائیلی کراوە.
سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە، 25-11-2023، رایگەیاند کە پێش ئەوەی مووشەکەکە بگاتە نێو خاکی ئیسرائیل، خستوویانەتە خوارەوە. هەورەها باسی لەوە کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژێرخانی حیزبوڵڵایان بۆردوومانکردووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵای لوبنان کە هاوپەیمانی حەماسە، رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل پابەند بێت بە وەستاندنی شەڕ، ئەوانیش لە هێرشەکانیان دەوەستن.
شەڕی سەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بووەتە هۆی کوژرانی 109 کەس لە لوبنان کە لانیکەم 77یان چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان و 14 هاووڵاتیی سڤیلن. لە ئیسرائیلیش بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، شەش سەرباز و سێ هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.