دوای ترەمپ، نەتەنیاهووش دەیەوێت ئیخوان موسلمین بە "تیرۆریست" بناسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ستایشی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ پۆلێنکردنی ئیخوان موسلمین وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" و رایگەیاند، ئیسرائیلیش هەمان هەنگاو دەگرێتەبەر و ئەوەش کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ بە ماڵپەڕی (جەست زە نیوز)ـی ئەمریکی راگەیاند، ئیخوان موسلیمین دەخاتە لیستی تیرۆرەوە. رۆژی دواتر کۆشکی سپی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "ترەمپ بەڵێن دەدات ئیخوان موسلمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت."
لێدوانەکەی ترەمپ دوای ماوەیەکی کورت دێت لە بڕیارێکی هاوشێوەی گرێگ ئابۆت، حاکمی کۆماریی ویلایەتی تێکساس، کە ئیخوان موسلمین و ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئەمریکی-ئیسلامییەکانی (CAIR) وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن کرد.
نەتەنیاهوو، پێشوازیی لە هەنگاوەکەی ترەمپ کرد و گوتی، ئیخوان موسلمین "هەڕەشە لە سەقامگیریی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی دەکات." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی دا "پڕۆسەی" دەرکردنی یاسای قەدەخەکردنی ئیخوان موسلمین لە ئیسرائیل "تەواو بکات."
ئەم لێدوانەی نەتەنیاهوو کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە و وەک هەڕەشەیەکی سیاسی بۆ سەر پارتی ئیسلامیی "راعم" لێکدرایەوە، کە پارتێکی عەرەبییە لەنێو پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست).
راعم، باڵی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی باشوورە، لقێکی بزووتنەوەی ئیسلامییە لە ئیسرائیل و لە رووی فیکرییەوە نزیکە لە ئیخوان موسلیمین، بەڵام بانگەشەی سەربەخۆیی دەکات و بەردەوام رەتیدەکاتەوە پەیوەندیی رێکخراوەیی لەگەڵ ئیخوان موسلیمین هەبێت.
باڵی باکووری بزووتنەوە ئیسلامییەکە لە ساڵی 2015 بەهۆی پەیوەندیی گوماناوی لەگەڵ حەماس قەدەخە کرا.
بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئیسرائیل، لە ساڵی 1996 لەسەر بڕیارێکی مشتومڕاوی سەبارەت بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئیسرائیلدا، بووە دوو باڵی باشوور و باکوور و لەبەر ئەوەشە بەم شێوەیە ناودەبرێت.
مەنسوور عەباس، سەرۆکی پارتی راعم، هێرشی تووندی کردە سەر نەتەنیاهوو و رایگەیاند، ئامانجی نەتەنیاهوو "هەوڵدانە بۆ دزینی هەڵبژاردنەکان و دیاریکردنی ئەنجامەکانیان پێشوەختە، چونکە دەزانێت راعم ئەو پارتەیە، کە گۆڕانکاری دروست دەکات."
سەرۆکی راعم، باسی مێژووی خۆی و نەتەنیاهووی کرد و گوتی، "نەفتالی بێنێت یان یائیر لاپید نەبوون کە یەکەمجار لەگەڵ مەنسوور عەباس دانیشتن... من قەرزاری بنیامین نەتەنیاهووم بۆ ئەو شەرعییەتە سیاسییەی لە خولی پێشوودا بەدەستم هێنا." ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە لیکود و نەتەنیاهوو ئامادەبوون حکومەتی لەگەڵ پێکبهێنن، ئەمەش رێگەی بۆ بێنێت خۆش کرد هەمان هەنگاو بنێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە نەتەنیاهوو بە میدیای ئیسرائیلی راگەیاندووە، لێدوانەکەی "پەیوەندیی راستەوخۆی بە راعمەوە نەبووە" و جەختی کردەوە، "ئێمە دژی هیچ پارتێکی دیاریکراو نین. ئەگەر راعم یاسا پێشێل بکات، ئەوا لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن بێبەش دەکرێت."
لێدوانەکانی نەتەنیاهوو هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتە راستڕۆکەی ئیسرائیل بۆ دەرکردنی یاسایەک کە بەشداریکردنی بەربژێرە عەرەبەکان لە هەڵبژاردنەکاندا قورستر دەکات، بەتایبەتی لەسەر بنەمای "پشتگیریکردن لە تیرۆر."
ئیخوان موسلمین، لە ساڵی 1928 لە میسر دامەزرا و یەکێکە لە کاریگەرترین بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییەکانی جیهانی سوننە. لە ساڵی 2012، محەممەد مورسی، ئەندامی رێکخراوەکە، بووە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر، بەڵام ساڵێک دواتر بە کودەتایەکی سەربازی لە دەسەڵات دوورخرایەوە.
کاریگەریی رێکخراوەکە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی سەرکوتکاریی حکومەتەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە میسر و سعودیە، کەمبووەتەوە. جگە لە نەمسا، هیچ وڵاتێکی رۆژئاوایی ئیخوان موسلمینی بە فەرمی قەدەخە نەکردووە.