رێکخراوێکی مرۆیی ئاهەنگی کریسمس بۆ پەنابەرە کریستیانەکانی فەلەستین لە لوبنان سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە کامپەکانی زەبیەی لوبنان، رێکخراوێکی مرۆیی ئاهەنگێکی کریسمس بۆ کریستیانانی فەلەستینی سازدەکات کە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و غەززەوە لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ دوورکەوتوونەتەوە.
ویسام قاسس، دانیشتوویەکی کامپەکەیە و دەڵێت، "ئەمە جوانترین پشووی ئێمەیە، یادی لە دایکبوونی پێشەوامان حەزرەتی عیسای مەسیحە. ئەم پشووە مانایەکی گرنگ هەڵدەگرێت، ئەمە پشووی خۆشەویستی و ئاشتییە. بەداخەوە، ئەم ساڵ شەڕ لە غەززە و خاکی ئێمە هەبوو لە فەلەستین. هەروەک دەزانن، منداڵان لە سیاسەت تێناگەن و ئەوان تەنیا دەیانەوێت هەموو کاتێک دڵخۆشبن."
ئەو رێکخراوە ئاهەنگەکەی بۆ منداڵانی 50 خێزان سازکردووە و دیارییان پێدەبەخشێت، زەهر عەبدولعاتی، کارمەند لە رێکخراوی منداڵانی خۆڕاگر لەبارەی ئاهەنگەکەوە گوتی، "خەڵکی فەلەستین حەزیان بە خۆشیی و ئاشتییە. ئێمە هاتووینەتە ئێرە بۆ ئەوەی دڵی ئەو منداڵانە خۆشبکەین. چونکە ئەمە بۆنەیەکی خۆشە، پیرۆزبایی لە کریستیانەکان دەکەین. هیوادارین باشبن و ببینین هەموو ساڵێک لە خۆشیدان. پشت بەخوا ئێمە لە فەلەستینیش ئەو ئاهەنگە دەگێڕین."
کامپەکە لە 1956 دروستکراوە و، نزیکەی دوو هەزار پەنابەری فەلەستینی، سووریایی و لوبنانی تێدا دەژین کە زۆربەیان کریستیانن.