بەهۆی نرخی تکتی فڕۆکەوە گەڕانەوەی 72 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دوادەکەوێت


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 72 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان تەواو بوون، بەڵام پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەهۆی بەرزیی نرخی بلیتی فڕۆکە لە پشووەکانی سەری ساڵدا، گەڕانەوەیان دواکەوتووە.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی خولی پێنجەم و بەربژێری دەرچووی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کۆچبەرانە لە لیبیا دەستبەسەرکراون و بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سەری ساڵدا نرخی بلیتی فڕۆکە گران بووە، پرۆسەی گەڕاندنەوەیان بۆ دوای سەری ساڵ دواخراوە".
 
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە 72 کەسن و گوتی: "هەموویان گەنجی هەرێمی کوردستانن و بە قاچاخ ویستوویانە بچنە ئەورووپا، بەشێکیشیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە."
 
سەحاف ئاماژەی بەوەش کرد، باڵیۆزخانە پاسپۆرتی کاتی (عبور)ـی بۆ هەموویان دەرکردووە و رێکارە یاساییەکان کۆتاییان هاتووە، بەڵام کاتی وردی گەڕاندنەوەیان هێشتا دیاری نەکراوە و لە نزیکترین کاتدا دەبێت.
 
جگە لەو 72 کەسەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیاوە دەستبەسەر کراون، موسەننا ئەمین هۆشداریدا لەوەی "دەیان گەنجی دیکەی کورد لە لیبیا سەرگەردانن و لەژێر دەستی قاچاخچییەکاندا ماونەتەوە."
 
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقیش جەختیکردەوە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لیبیا بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ زانینی چارەنووسی ئەو گەنجانەی دیکە کە لەو وڵاتەدا بێسەروشوێنن.