ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی فەیلەقی قودسی لەنێو لوبنان راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێ، فەرماندەیەکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی لە لوبنان کوشتووە. سەرچاوە تەندروستییەکانی لوبنانیش گیانلەدەستدانی دوو کەسیان لە نزیک سنووری سووریا لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل راگەیاند.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25-12-2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، (حوسێن مەحموود مەرشاد جەوهەری)ـی کردووەتە ئامانج کە گوایە "تیرۆریستێکی سەرەکییە لە یەکەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەیلەقی قودس" (باڵی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران). 
 
ئیسرائیل ئەو فەرماندەیەی تۆمەتبار کردووە بەوەی دەستی هەبووە لە "پلاندانان و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە سووریا و لوبنانەوە."
 
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی "دووژمنکارانەی ئیسرائیل" بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی (حەوش سەید عەلی) لە ناوچەی هێرمێل کە دەکەوێتە نزیک سنووری سووریا، دوو کەس کوژران. ئاژانسی فەرمیی هەواڵی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە بارهەڵگرێکی بچووکی کردووەتە ئامانج.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە تشرینی دووەمی 2024ەوە زیاتر لە 340 کەس بە بۆردوومان و تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان کوژراون.