هەسەدە: لە ئەنجامی هێرشی درۆنیی هێزەکانی دیمەشقەوە منداڵێک کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لە هێرشێکی درۆنی بۆمبڕێژکراودا بۆ سەر گوندێکی رۆژئاوای ناوچەی دێر حافر لە سنووری پارێزگەی حەلەب، منداڵێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
 
هەسەدە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری دیمەشقی بە ئەنجامدانی هێرشەکە بۆ سەر گوندی "دارە" تۆمەتبار کرد، کە کاژێر 04:00ـی ئێوارە بە کاتی خۆجێیی کراوە. بە گوێرەی هەسەدە، لە هێرشەکەدا منداڵێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەی تەمەن 15 ساڵ بەناوی ناسر خەڵەف بریندار بووە.
 
ئەمە نوێترین هێرشە لە زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە رۆژهەڵاتی حەلەب.
 
لە هەفتەکانی رابردوودا رووداوی هاوشێوە تۆمارکراون، لەنێویاندا بۆردوومانی گوند و پێگەکانی دەوروبەری دەروازەی ستراتیجیی دێر حافر، کە هەردوو پارێزگای حەلەب و رەققە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
 
هەسەدە چەندینجار گرووپەکانی سەر بە دیمەشقی بە پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار تۆمەتبار کردووە کە ئامانجێک لێی تێکەڵکردنی هەسەدەیە بە سوپای نوێی سووریا و کەمکردنەوەی گرژییەکان.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە گرژییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد، کاتێک رۆژی 22ـی کانوونی یەکەم لە شاری حەلەب پێکدادان روویدا. لە گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان، بەهۆی هێرشی تۆپ و تانکەوە ژنێکی سڤیل گیانی لەدەستدا و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون. هەرچەندە هەردوولا یەکیان تۆمەتبار کرد، بەڵام دواجار لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە رێککەوتن.
 
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی دیمەشق هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییەوە نەداوە کە هەسەدە باسی دەکات.