بەهۆی هێرشی جووی هاوردەوە کۆرپەیەکی فەلەستینی بریندار بوو؛ پێنج کەس دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، پێنج جووی هاوردەیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر ماڵی خێزانێکی فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا و بەهۆیەوە کۆرپەیەکی هەشت مانگە بریندار بووە.
رۆژی پێنجشەممە، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، دەستگیرکراوەکان لە هێرشێک بۆ سەر شارۆچکەی سەعیر لە باکووری شاری خەلیل تێوەگلاون، کە تێیدا "تووندوتیژیی مەترسیدار" کراوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین (وەفا)، هێرشەکە درەنگانی شەوی چوارشەممە لەلایەن گرووپێک جووی هاوردەی چەکدارەوە کراوە و بەردبارانی ماڵ و موڵکی هاووڵاتیانیان کردووە، بەو هۆیەوە کچێکی هەشت مانگە بریندار بووە.
پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێ، بەدواداچوونە سەرەتاییەکانیان دەریانخستووە گومانلێکراوەکان خەڵکی شوێنێکی نزیک ناوچەکەن.
لە رووداوێکی جیادا، سوپای ئیسرائیل دەرکردنی سەربازێکی یەدەگی راگەیاند، دوای ئەوەی لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت کە ئەو سەربازە بە جلوبەرگی سڤیلەوە و بە ئۆتۆمبێلەکەی، خۆی دەکێشێت بە هاووڵاتییەکی فەلەستینی دا کە سەرقاڵی نوێژکردن بووە لە ناوچەی دێر جەریری نزیک رامەڵڵا.