فەلەستینییەکان پلانی ترەمپ بۆ چۆڵکردنی غەززە رەتدەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ترەمپ داوا دەکات کەرتی غەززە "پاکبکرێتەوە و چۆڵبکرێت"، خەڵکەکەش بۆ ئوردن و میسر بنێردرێن. فەلەستینییەکان دژی ئەو پلانەن و دەڵێن، بەرگەی ئەو جەنگەیان گرتووە و تازە بەجێی ناهێڵن.
 
رۆژی یەکشەممە، 26-01-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی چوونی لە ویلایەتی نیڤاداوە بۆ فلۆریدا لەبارەی هەندێک پێشهات بۆ رۆژنەماڤانان قسەی کرد و رایگەیاند، رۆژی شەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن باسی ئەو پلانەی کردووە کە ئوردن و میسر و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، پەنابەری زیاتری خەڵکی غەززە وەربگرن و بڕیارە رۆژی یەکشەممەش هەمان بابەت لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر باس بکات. 
 
ترەمپ لەنێو فڕۆکەی (ئێیەر فۆرس وەن)ـەوە گوتی: "حەز دەکەم ئەوان خەڵکی زیاتر وەربگرن؛ میسر خەڵکی زیاتر وەربگرێت. ئێمە باسی نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس دەکەین بۆ ئەوەی شوێنەکە بە تەواوی پاک بکەینەوە و پێیان بڵێین کۆتایی هاتووە".  
 
بزووتنەوەی حەماس کە 15 مانگ لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدا بوو و ئێستا ئاگربەستیان راگەیاندووە، بڵاویکردەوە: "خەڵکی ئێمە، لەدژی خراپترین تاوانەکانی جینۆساید لەمێژووی نوێدا، خۆڕاگر بوون، کە ئیسرائیلی داگیرکار کردی. ئێمە بە هەموو جۆرێک هەر پلانێکی دیپۆرتکردن و راگواستنی خەڵکی فەلەستین لەنێو خاکی خۆیان رەتدەکەینەوە."
 
بزووتنەوە فەلەستینییەکە هەروەها داوای لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کرد، خۆیان لەو جۆرە پێشنیازانە بەدوور بگرن، "کە لەگەڵ پلانەکانی ئیسرائیل هاوشانە و لە دژی ماف و خواستی ئازادی گەلی ئێمەیە."
 
حەماس داواشیکرد، ئەمریکا کاربکات بۆ ئەوەی رێگە بە فەلەستینییەکان بدرێت ئازادیی خۆیان بەدەستبهێنن و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، "کە قودس پایتەختەکەی بێت."
 
حەماس داوای لە وڵاتانی عەرەب، بەتایبەت میسر و ئوردن کرد، "هەڵوێستی تووندی خۆیان لە رەتکردنەوەی ئەو پلانە دووپات بکەنەوە و پشتگیریی لە گەلی فەلەستین بکەن."
 
47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی ئوردنی کرد بەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەری فەلەستینی وەرگرتووە و بە شای ئوردنیشی گوتووە: "زۆر حەز دەکەم ژمارەیەکی زۆرتریش وەربگریت، لەبەرئەوەی من ئێستا تەماشای کەرتی غەززە دەکەم و دەبینم وێرانە؛ بەڕاستی وێرانەیە."
 
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی غەززە دەڵێت، "دەبێت شتێک بکرێت، بەڵام ئێستا (غەززە) ناوچەیەکی وێرانەیە و بەشێکی زۆری داروپەردووە و خەڵک بەردەوام دەمرن؛ بۆیە حەز دەکەم لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی هاوئاهەنگی بکەم و لە هەندێ شوێنی جیاواز یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت و رەنگە لەو شوێنانەدا لە ئاشتیدا بژین".