فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیا بۆردوومان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوێنێ دووشەممەوە، سوپای ئیسرائیل نزیکەی 14 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان.
 
ئیسرائیل چەندین هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی وادی بەغەز لە نەبەتیە لە باشووری لوبنان. هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە بەرزاییەکانی جەبوور-یان کردووەتە ئامانج.
 
میدیای لوبنان، شەوی دووشەممە رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی "کەسارە ئەلعەرووش" لە بەرزاییەکانی رەیحان لە باشووری لوبنان.
 
ئیسرائیل: دوو ئەندامی حیزبوڵڵامان کوشت
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی حیزبوڵڵا بۆ لێکتێگەیشتنەکانی راگرتنی شەڕ، سوپای ئیسرائیل بنکە و ژێرخانی حیزبوڵڵای لە چەند ناوچەیەکی لوبنان بۆردوومان کرد."
 
رۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی دوو هێرشی ئاسمانی لە باشووری لوبنان، دوو ئەندامی حزبوڵڵایان کوشتووە، کە یەکێکیان بەرپرسێکی باڵای تۆپخانە بووە.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانیان لە شارۆچکەی بازووریە هێرشێکیان کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی محەممەد ئەلحوسەینی، کە وەک بەرپرسی تۆپخانەکانی حیزبوڵڵا لە گوندی ئەرزون لە باشووری لوبنان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حوسەینی لە کاتی شەڕدا سەرپەرشتیی "چەندین هێرشی" کردووە دژی ئیسرائیل و لەم دواییانەشدا بەشدار بووە لە هەوڵەکانی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی تواناکانی تۆپخانەی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان.
 
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە حوسەینی لە تەنیشت کارە سەربازییەکانی، وەک مامۆستا لە قوتابخانەیەک کاری کردووە.
 
لە هێرشێکی دیکەدا لە ناوچەی بیر ئەلسەنسەل لە باشووری لوبنان، سوپای ئیسرائیل کوژرانی جەواد بەسمەی راگەیاند، کە ئەندامێکی حزبوڵڵا بووە و لە شوێنێکی تایبەت بە دروستکردنی چەک کاری کردووە.
 
"هێرشەکان بە دوو قۆناخ کراون"
 
ئاژانسی فەرمیی لوبنان رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بە سێ قۆناخ کراون. بەپێی ئاژانسەکە، 10 لەو هێرشانە بەرزاییەکانی میدون و جەبوریان کردووەتە ئامانج، جگە لە 2 هێرش بۆ سەر ناوچەی وادی بەغەز و 2 هێرشی دیکە بۆ سەر ناوچەی "کەسارە ئەلعەروش" کە دەکەوێتە نێوان بەرزاییەکانی رەیحان و لوێزە.
 
ئیسرائیل، سەرەڕای بوونی رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، کە بۆ کۆتاییهێنان بە زیاتر لە ساڵێک لە پێکدادانی سەرسنووری لەگەڵ حیزبوڵڵا واژۆ کرا، بەردەوام بووە لە هێرش بۆ سەر خاکی لوبنان. حکومەتی ئیسرائیل زۆربەی کات پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئەندامان یان ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە دەکاتە ئامانج، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری لوبنان.
 
رۆژی هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەدا "هێرشێکی دووژمنکارانەی ئیسرائیل" ئۆتۆمبێلێکی لە شارۆچکەی مەنسووری لە کەناراوەکانی باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێک لە سەرنشینەکانی.
 
هەروەها، وەزارەتەکە پشتڕاستی کردەوە، شەوی رابردوو لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر شارۆچکەی مەیفەدوون لە باشووری لوبنان، کەسێکی دیکە کوژراوە.