وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل: کورد لە سووریا لەناودەبرێن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەوەی کەمینەکان لە سووریا "بە بێدەنگی لەناودەبرێن" و رایدەگەیێنێت، کورد لەو وڵاتە تەنیا لەبەر ناسنامەکەیان رووبەڕووی ئاوارەیی و سەرکوتکردن دەبنەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لەکاتێکدا جیهان بە سەردێڕی هەواڵە جیاوازەکانەوە سەرقاڵە، کەمینەکان لە سووریا لە بێدەنگیدا دەسڕێنەوە و لەناودەبرێن".
 
وەزارەتەکە بەتایبەت تیشکی خستووەتە سەر دۆخی کوردی رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: "کورد لە سووریا رووبەڕووی ئاوارەیی، سەرکوتکردن و تووندوتیژییەکی سیستماتیک بووەتەوە، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان کێن و بەهۆی ناسنامەکەیانەوە دەچەوسێنرێنەوە".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رەخنە لە بێدەنگیی جیهان دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە "مافەکانی مرۆڤ گشتگیرن و نابێت بە هەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت". هەروەها هۆشداری دەدات کە "بێدەنگبوون لە ئاستی ئەم پێشێلکاری و کوشتن و بێسەروشوێنکردنانە بە واتای بێلایەنی نایەت".
 
ئەم هەڵوێستەی تەلئەڤیڤ لەکاتێکدایە، لە 06ـی ئەم مانگەوە ناوچەکانی  ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رووبەڕووی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بوونەتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی رۆژی شەممە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا ئاگربەستیان بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژکردەوە، بەڵام هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.