سێنتکۆم: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن گەیشتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تاران دەڵێت، هاتنی ئەو کەشتییە جەنگییانە کاریگەری لەسەر ئیرادەیان نابێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026، سێنتکۆم لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" و بەلەمە هاوەڵەکانی "بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە" جێگیر کراون.
 
جێگیرکردنی ئەم هێزە دوای ئەوە دێت، کە گرژییەکان لەگەڵ ئێران بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابوو ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە کوشتنی خۆپێشاندەران، واشنتن دەستوەردانی سەربازی دەکات.
 
هەرچەندە دوای راگرتنی لەسێدارەدانەکان لە تاران، ترەمپ کەمێک لە هەڕەشەی هێرشی سەربازی پاشەکشەی کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا "هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن".
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە بەهۆی دۆخی ئابووری دەستیپێکرد و دواتر فراوان بوو. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەسەڵاتدارانی ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەژێر پەردەی بڕینی ئینتەرنێتدا، راستەوخۆ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە.
 
ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی و رایگەیاند: "گەیشتنی ئەم جۆرە کەشتییە جەنگییانە کاریگەری لەسەر ئیرادە و جددییەتی ئێران بۆ بەرگریکردن لە نەتەوەکەی نابێت".