دیمەشق و عەممان رێککەوتنێکیان لە بواری وزەدا واژۆ کرد

رووداو دیجیتاڵ

سووریا و ئوردن رۆژی دووشەممە رێککەوتنێکی نوێیان بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ سووریا لە رێگەی خاکی ئوردنەوە واژۆ کرد، ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوەیە کە تۆڕی کارەبای سووریا بەهێزبکرێتەوە. 
 
رێککەوتنەکە ئەمڕۆ لە بارەگای وەزارەتی وزەی سووریا لە دیمەشق لە نێوان کۆمپانیای نەوتی سووریا و کۆمپانیای کارەبای نیشتمانیی ئوردن واژۆ کرا. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن مەتر سێجا گاز دەگەیێندرێتە سووریا، کە دەکاتە نزیکەی 140 ملیۆن پێ سێجا. ئەم بڕە گازە یارمەتیدەرێکی بەرچاو دەبێت بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سووریا، کە بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە رێژەی بەرهەمهێنانیان کەمە.
 
بەرپرسانی هەردوو وڵات رایانگەیاندووە، رێککەوتنەکە درێژکراوەی رێککەوتنێکی فراوانتری وزەیە کە ساڵی رابردوو بۆ گواستنەوەی گاز بۆ سووریا لە رێگەی ئوردنەوە واژۆ کرا. ئەم پرۆژەیە لەلایەن قەتەرەوە پشتگیریی دارایی دەکرێت، وەکو بەشێک لە هەوڵە هەرێمییەکان بۆ کەمکردنەوەی کەمیی کارەبا لە سووریا، کە بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی وزەی وڵاتەکەوە لە ماوەی ساڵانی شەڕی نێوخۆدا دروست بووە.
 
میدیای فەرمیی سووریا لەسەر زاری ساڵح ئەلخەرابشە، وەزیری وزەی ئوردن رایگەیاند، پرۆسەی گەیاندنی گاز لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و قەبارەی ئێستای هەناردەکردن لە نێوان 30 ملیۆن بۆ 90 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدایە. 
 
محەممەد ئەلبەشیر، وەزیری وزەی سووریا رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە یارمەتیی سووریا دەدات بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یەک سەرچاوە.
 
گازەکە لە رێگەی کەشتیی (Energos Force)ـەوە دابین دەکرێت، کە لە میسر بەکرێگیراوە و تاوەکو کۆتایی مانگی ئادار لە بەندەری عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور لەنگەر دەگرێت.