حیزبوڵڵای لوبنان: لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران بێلایەن نابین
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایدەگەیێنێت، هەر هێرشێک بکرێتە سەر تاران بە هێرش بۆ سەر ئەوان هەژمار دەکرێت و لە هیچ جەنگێکی داهاتوودا "بێلایەن نابن". دەشڵێت، هەر هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی رێبەری ئێران جیهان ناسەقامگیر دەکات.
رۆژی دووشەممە 26-01-2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "لەبەردەم دەستدرێژییەکدا کە جیاوازی لەنێوانماندا ناکات، هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بە ئامانجگرتنی ئێمەیە و پێداگرین لەسەر بەرگریکردن لە خۆمان".
نەعیم قاسم هۆشداریدا کە هەر جەنگێکی نوێ دژی ئێران "تەواوی ناوچەکە دەسووتێنێت". ئاشکراشی کرد کە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پرسیاریان لێکراوە ئایا لە ئەگەری جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، حیزبوڵڵا دەستوەردان دەکات؟ لە وەڵامدا گوتی: "داوای بەڵێننامەیان لێکردین کە دەستوەردان نەکەین، بەڵام ئێمە بێلایەن نابین و کات و چۆنیەتی کاردانەوەمان بەپێی بەرژەوەندییەکانی مەیدانەکە دەبێت".
ئەو قسانەی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا دوای ئەوە دێن، هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "کەشتییە جەنگییەکانیان" بەرەو کەنداو جووڵاندووە و هۆشداریدا ئەگەر ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئەمریکا بدات، ئەوا "لەسەر نەخشەی جیهان دەسڕێتەوە".
لەبارەی هەڕەشەکان بۆ سەر عەلی خامنەیی، نەعیم قاسم گوتی: "تیرۆرکردنی خامنەیی بە واتای تیرۆرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دێت".
هاوکات لەگەڵ گوتارەکە، لە گەڕەکی باشووری بەیرووت لایەنگرانی حیزبوڵڵا رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی "مردن بۆ ئەمریکا"یان دەگوتەوە.
سەرەڕای ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەمی 2024، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان.