باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عومان داوا لە بەشێکی کارمەندەکانی دەکات وڵاتەکە جێبهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەسقەت هۆشدارییەکی ئەمنیی نوێی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە سەڵتەنەتی عومان بڵاوکردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامن و واشنتن و وردبینی لە ئاسایشی دیپلۆمات و هاووڵاتیانی دەکات.
باڵیۆزخانەکە جەختی لە سەر بڕیارەکەی رۆژی 13ـی ئاداری 2026 کردەوە، کە تێیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە هەموو فەرمانبەرانی حکومیی "ناپێویست" و خێزانەکانیان کردبوو خاکی عومان جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی ئەو مەترسییە ئەمنییە جیدییانەی لە ناوچەکەدا دروست بوون.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا رێکاری "مانەوە لە ماڵەوە"ـی بۆ ناو شاری مەسقەتی پایتەخت هەڵگرتووە، بەڵام جووڵەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی تەنیا بۆ مەودای 50 کیلۆمەتر لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە سنووردار کردووە.
هۆشدارییەکە جەخت دەکاتەوە کە رێکاری "مانەوە لە ماڵەوە" بۆ تەواوی ناوچەکانی دیکەی عومان وەک خۆی دەمێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکان. داوا لە ئەمریکییەکان کراوە تاوەکو دەکرێت لە ماڵ یان هۆتێلەکانیان بمێننەوە و لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی عومان هێشتا بەردەوامن. واشنتن داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بە جیدی بیر لە جێهێشتنی وڵات بکەنەوە ئەگەر هەست دەکەن گەشتکردن بۆیان سەلامەتە.
سەرەڕای بارودۆخەکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەسقەت بەردەوامە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە رۆژانەکان بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی پێدانی ڤیزە زۆر سنووردار کراوەتەوە و تەنیا بۆ حاڵەتە زۆر بەپەلەکانە.