تۆم باراک: لەڕووی جوگرافییەوە سووریا تاکە جێگرەوەی تەنگەی هورمزە


رووداو دیجیتاڵ 

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا رایگەیاند، کە سووریا ئێستا گەورەترین دەرفەتی جیۆپۆلەتیکییە و بووەتە "سەقامگیرترین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، ئەمەش دوای وەرچەرخانێکی مێژوویی کە لە کۆبوونەوەیەکی شەوانەی نێوان ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە ریاز دروستبوو.
 
باڵێوزی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە چیرۆکی ئەمڕۆی سووریا، چیرۆکی سەرکردایەتییەکی ناوازەیە لەژێر سایەی "ئەحمەد شەرع" و ئەو سەرکێشییەی کە تیمەکەی ئەنجامیان داوە بۆ ئەوەی پەنجەمۆرێکی مێژوویی نوێ دابنێن.
 
کۆبوونەوە مێژووییەکە
 
تۆم باراک لەبارەی سووریاوە زیاتر گوتی: "ئەم پڕۆسەیە کاتێک دەستی پێکرد کە سەرۆک ترەمپ لە مانگی حوزەیراندا لە فڕۆکەکەی لە ریاز دابەزی. محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە بە ترەمپی گوت: دەمەوێت کەسێکت پێ بناسێنم."
 
باراک دەشڵێت: "کاژێر 12:45ـی شەو، ئەحمەد شەرع گەیشتە لای ترەمپ. هەر لەوێدا پەیوەندی بە سەرۆک ئەردۆغانەوە کرا و تەنیا لە ماوەی 96 خولەکدا، سەرۆک ترەمپ لەسەر بنەمای هەستکردن بە دۆخی ناوچەکە بڕیاری دا و گوتی: "دەرفەت بدەنە سووریا و ئەم گەنجە."
 
چارەسەری تەنگەی هورموز و دەریای سوور
 
باڵیوزی ئەمریکا رایگەیاند، پیشەسازیی وزە لە ناوچەکەدا لە "پێشینەی دابەشکردن"ـەوە گۆڕاوە بۆ "پێشینەی ئاسایش". جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی کێشەکانی تەنگەی هورموز و دەریای سوور، جیهان پێویستی بە "دەرگایەکی پشتەوە" هەیە و سووریا تەنیا وڵاتە لەڕووی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکییەوە کە ببێتە چارەسەری جێگرەوە. گوتیشی: "ئەگەر 15 مانگ پێش ئێستا کەسێک بیوتایە سووریا دەبێتە سەقامگیرترین وڵاتی ناوچەکە، کەس بڕوای نەدەکرد."
 
دوورکەوتنەوە لە هەڵە کوشندەکەی عێراق
 
تۆم باراک تیشکی خستە سەر ستراتیژییەتی نوێی ئیداریی سووریا و گوتی: "یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئەحمەد شەرع و تیمەکەی ئەوە بوو کە سەیری ئەزموونی عێراقیان کرد تا هەمان هەڵە دووبارە نەکەنەوە. ئەوان وەک عێراق هەموو فەرمانبەرە مەدەنییەکانیان دەرنەکرد، بەڵکو سیستمەکەیان پاراست و خەڵکەکەیان لە پۆستەکانیان هێشتەوە و باشترین سەرکردەکانی جیهانیان بۆ داڕشتنەوەی وڵات هێنا."
 
کۆتاییهاتنی "یاسای قەیسەر" و گەڕانەوەی بانکەکان
 
سەبارەت بە سزاکان، باراک مژدەی دا کە زۆربەی سزا قورسەکان، بە تایبەت "یاسای قەیسەر"، لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا نەماون و تەنیا سزایەکی کەم ماوە کە پەیوەستە بە پرسی "پاڵپشتیکردنی تیرۆر" و پێشبینی کرد ئەویش بەمزووانە کۆتایی بێت. هەروەها ئاماژەی بە چالاککردنەوەی هەژماری بانکی فیدراڵی و جێگیربوونی سیستمی بانکی و دراو کرد وەک بنەمایەکی متمانە بۆ وەبەرهێنەران.
 
پڕۆژەی "چوار دەریاکە" و ناوەندی وزەی جیهانی
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باڵێوزەکە باسی لە پڕۆژەی "چوار دەریاکە" کرد کە پاشماوەی رژێمەکەی ئەسەد بوو، بەڵام ئێستا دەبێتە بەستەری نێوان کەنداو، دەریای قەزوین، ناوەڕاست و دەریای رەش. گوتی: "تورکیا و سووریا دەبنە ناوەندی سەرەکیی دابەشکردنی وزە بۆ هەموو جیهان."
 
رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان و داهاتوویەکی نوێ
 
لە کۆتاییدا، تۆم باراک ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناخی هەرە سەختی رێکخستنی جیۆپۆلەتیکی تەواو بووە. رایگەیاند کە واشنتن لە سووریا بەردەوام نابێت لە شەڕی کلاسیکیی دژی حیزبوڵڵا، حووسییەکان، حەماس و میلیشیاکانی عێراق، بەڵکو ئێستا هەموو شتێک رێکخراوەتەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ "زیرەکیی ئەکادیمی، وزە و دەستپێشخەریی بازرگانی" خۆش بکرێت.