نەعیم قاسم: دانوستاندن لەژێر بۆردوومان دا خۆبەدەستەوەدانە

رووداو دیجیتاڵ

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، هەر جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ ئیسرائیل لەژێر ئاگری جەنگ دا بە واتای "خۆبەدەستەوەدان" دێت. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش گوتی، هێزەکانیان خەریکی فراوانکردنی "ناوچەیەکی ئەمنی"ـن لە ناو خاکی لوبنان دا.
 
بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی "ناوچەیەکی ئەمنیی راستەقینە" لە نێو لوبنان دروست بکات و ئێستا خەریکی فراوانکردنی ئەو ناوچەیەن. ئیسرائیل، کە پێشتریش بۆ ماوەی دوو دەیە (تاوەکو ساڵی 2000) باشووری لوبنانی کۆنترۆڵ کردبوو، ئێستا هەوڵدەدات کۆنترۆڵی ناوچەکانی تاوەکو رووباری لیتانی (30 کیلۆمەتر لە سەر سنوورەوە) بگرێتە دەست.
 
نەعیم قاسم پێشنیازەکەی سەرۆککۆماری لوبنانی بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل رەتکردەوە و گوتی: "کاتێک لەژێر بۆردوومان دا داوای دانوستاندنمان لێ دەکرێت، ئەوە سەپاندنی خۆبەدەستەوەدانە."
 
حیزبوڵڵا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، زیاتر لە 80 هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، کە ئەمە گەورەترین ژمارەی هێرشەکانیەتی لە دەستپێکردنی جەنگەوە لە 2ـی ئادار. تەنیا لە یەک زنجیرەدا، گرووپەکە بە زیاتر لە 100 مووشەک بنکە و هێزەکانی ئیسرائیلی لە شارۆچکە سنوورییەکانی وەک ناقورە و قەوزە پێکاوە.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەندین بنکەی فەرماندەیی حیزبوڵڵا و کۆگەیەکی چەکیان لە باشووری لوبنان تێکشکاندووە. هەروەها ئیسرائیل هێرشی کردە سەر وێستگەکانی بەنزینی کۆمپانیای ئەمانە کە دەڵێت، لە لایەن حیزبوڵڵاوە کۆنتڕۆڵ کراون و داهاتەکەی بۆ گرووپەکە بەکاردێت. 
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: "نابێت مۆدێلی غەززە لە لوبناندا دووبارە ببێتەوە." گوتێرێز داوای لە حیزبوڵڵا کرد هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرێت و داواشی لە ئیسرائیل کرد کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان بهێنێت کە زیانی زۆری بە سڤیلەکان گەیاندووە.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممەدا لە ناوچەی بنت جوبەیل، سێ کەس کوژراون. بە گشتی ئامارەکان بەم شێوەیەن؛ زیاتر لە هەزار کەس لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگدا کوژراون. لە ناو کوژراوەکاندا 42 کارمەندی تەندروستی و فریاگوزاری هەن و زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون.
 
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، یەکێک لە سەربازەکانی بە سەختی بریندار بووە و چەند مووشەکێکیش ئاراستەی شاری حەیفا کراون.