ئیسرائیل: بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە 6 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سیستمی بەرگرییان بەرپەرچی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانیان داوەتەوە. بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە شەش کەس بە سووکی بریندار بوون و زیانی ماددییش بە چەند شوێنێک کەوتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، گوتەبێژی دەزگای فریاکەوتنی "ماگن دەیڤید ئەدۆم" رایگەیاند، تیمەکانیان چارەسەری پزیشکییان بۆ شەش کەس کردووە کە بەهۆی کاریگەریی تەقینەوەکانەوە بە سووکی بریندار ببوون.
پێشتر هەمان دەزگا بە رادیۆی فەرمیی ئیسرائیلی راگەیاندبوو، زیان بە چەند خانووێک لە شاری (کەفر قاسم) لە نێوەڕاستی ئیسرائیل کەوتووە. هەیسەم تەها، سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارە رایگەیاندووە، زیانەکان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی "بۆمبی هێشوویی" بووە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی فریاگوزاریی ناوخۆ چوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان لە "نێوەڕاستی ئیسرائیل".
لە ماوەی 90 خولەکدا، سوپا سێ راگەیێندراوی جیاوازی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە "چەند مووشەکێک لە خاکی ئێرانەوە بەرەو خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل هاوێژراون."
لە راگەیێندراوەکاندا هاتووە: "سیستمە بەرگرییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکە لە کاردان." دواتر رێگە بە هاووڵاتییان درا لە پەناگەکان بێنە دەرەوە.
دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی نێوەڕاستی ئیسرائیل، قودس/ئۆرشەلیم و کۆمەڵگەکانی کەرتی رۆژئاوا بیستراوە، هەروەها لە تەلئەڤیڤ دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە.
ئەم هێرشانە دوای 14 کاژێر لە دواین هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دێن. هاوکات شەوی رابردووش نێوەڕاستی ئیسرائیل لە لوبنانیشەوە مووشەکباران کرابوو، کە تێیدا حیزبوڵڵای لوبنانی بەرپرسیارێتی خۆی لە زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکان راگەیاند.
میدیای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە شەش مووشەک لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە تێکشکێندراون.