راپۆرتێک: پێنتاگۆن چەکی تەرخانکراوی ئۆکرانیا رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تێچووی زۆر و کەمبوونەوەی تەقەمەنی لە جەنگی ئێراندا، پێنتاگۆن بیر لەوە دەکاتەوە ئەو چەکانەی بۆ ئۆکراینا تەرخانکرابوون، بۆ بەرەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەکاریان بهێنێت.
 
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) خەریکی تاوتوێکردنی بڕیارێکی هەستیارە، ئەویش گۆڕینی ئاراستەی ئەو چەکانەیە کە بڕیاربوو بۆ ئۆکرانیا بنێردرێن، تاوەکو لە جەنگی دژی ئێراندا بەکاربهێندرێن.
 
ئەم هەنگاوەی پێنتاگۆن دوای ئەوە دێت، جەنگی ئێران گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر کۆگاکانی تەقەمەنیی سوپای ئەمریکا و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی چەندین جۆری چەکی ستراتیژی. 
 
ئەو کەرەستە سەربازییانەی بڕیارە ئاڕاستەکەیان بگۆڕدرێت، مووشەکەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەگرێتەوە کە پێشتر لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی ناتۆدا بۆ پاڵپشتیی کێیڤ تەرخانکرابوون.
 
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە (سێنتکۆم) رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 15 هەزار ئامانجیان لەناو خاکی ئێراندا پێکاوە. کووپەر جەختی لەوە کردەوە، ئامانجیان پەکخستنی تەواوەتیی هەژموون و تواناکانی ئێرانە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.
 
سەرچاوەیەکی پێنتاگۆن بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، وەزارەتەکەیان پابەندە بە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان تاوەکو دڵنیایی لە سەرکەوتنیان لە جەنگەکەدا بدەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی بەرەکانی دیکەی جەنگیش بێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسی دارایی پێنتاگۆن، تێچووی جەنگەکە یەکجار زۆرە، تەنیا لە شەش رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا (کە لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد)، ئەمریکا 11.3 ملیار دۆلاری خەرج کردووە.
 
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو چەکانەی لە دژی ئێران بەکاردێن، لە گرانبەهاترین کەرەستە سەربازییەکانی جیهانن، لەوانە:
 
چەکە دوورمەوداکان: مووشەکی کرووز و مووشەکەکانی سیستمی بەرگریی (تاد - THAAD) کە نرخێکی خەیاڵییان هەیە.
 
ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان: تێچووی سووتەمەنی و چاککردنەوەی ئەو سەدان فڕۆکە جەنگییەی رۆژانە هێرش دەکەن.
 
کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان: بەڕێوەبردنی دوو گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە ناو دەریاکاندا بڕێکی ئێجگار زۆر پارەی تێدەچێت.
 
هێزی مرۆیی: مووچە و تێچووی ئەو هەزاران کارمەندە شارەزایەی ئەرکە سەربازییەکان بەڕێوەدەبەن.