ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر بەندەر عەباس کوژراوە و دەڵێت، "ئەو بەرپرسیار بوو لە داخستنی تەنگەی هورمز."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-03-2026، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەمان بۆ سەر بەندەر عەباس کوژرا."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی هۆکاری بەئامانجگرتنی ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران گوتی: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئەو کەسەیان کوشت کە راستەوخۆ بەرپرسیار بوو لە کارە تیرۆریستییەکان، چاندنی مین و داخستنی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا."
یسرائیل کاتس ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی بە هەموو توانایەکەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە جەنگییەکانیان لەنێو خاکی ئێراندا بەردەوام دەبن.
دوو رۆژ پێش ئێستا عەلیرەزا تەنگسیری لە لێدوانێکی توونددا هەڕەشەی کردبوو و گوتبووی: "ئێمە لە هەموو دوورگەکانی ئێران، گۆڕمان بۆ دەستدرێژکاران ئامادە کردووە."
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە، ئیسرائیل چەندین فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و بەرپرسی ئێرانی کردووەتە ئامانج و کوشتوونی.