لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی غەززە 400 تەرم دۆزراونەتەوە و داوای لێکۆڵینەوە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی غەززە نزیکەی 400 تەرم و پاشماوەی تەرم دۆزراونەتەوە و فەلەستینییەکان ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، تاوانی جەنگی کردووە.
 
یامین ئەبو سلێمان، ئەندامی هێزی چالاکی مەدەنیی غەززە دەڵێت، "لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، ژمارەیەکی زۆر تەرمی سڤیلی تێدایە و هەندێکیان گومان دەکرێت بە ئەنقەست کوژرابن، هەندێکی دیکەیان ئەشکەنجە دراون و گومانیش دەکەین هەندێکیان زیندەبەچاڵ کرابن."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵ لە چوار ناوچەی جیاوازی کەرتەکە دۆزراونەتەوە، دوو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەژێر نەخۆشخانەکاندا دۆزراونەتەوە و نزیکەی 400 تەرمیان تێدایە، هەندێک لە قوربانییەکان دەستیان بەسراوەتەوە.
 
ئەو گۆڕانە لەدوای كشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەی کەرتەکە دۆزراونەتەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ئەوان دەستیان لەو کارەدا هەبوبێت و دەڵێن، لەکاتی گەڕان بەدوای بارمتەکاندا، هەندێک تەرمیان دۆزیوەتەوە و لەلایەن فەلەستینییەکانەوە کوژراون.
 
راڤینا شامداسانی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "تووشی شۆک بووین لە بیستنی راپۆرتی تێکدانی کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر و شیفا و دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لەژێر کۆمەڵگاکاندا. داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف دەکەین."
 
دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە کاتێکدایە، لەو 253 کەسەی چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری پار بە بارمتەیان گرتن، تەنیا 129یان لەلای ئەوان ماون، 105یان لە رێککەوتنێکی یەک هەفتەیی ئازادکران و 34یشیان کوژراون.
 
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەو تۆمەتانە، مایەی دڵگرانییە و ئێمە بە جیددی تەماشایان دەکەین. بەردەوامیشین لەوەی داوا لە حکومەتی ئیسرائیل بکەین تاوەکو زانیاریی زیاتر لەبارەی ئەو تۆمەتانە بڵاوبکاتەوە."
 
زیاتر لە 200 رۆژە جەنگی غەززە بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 34 هەزار فەلەستینی کوژراون. ئیسرائیلیش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شاری رەفەح دەکات، کە بە دوا خاڵی دەسەڵاتی حەماس لە غەززە دادەنرێت.